سەرۆکی سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان بۆ بافڵ تاڵەبانی: ئەوە پاساو نییە کە جەنابت وەڵام نادەیتەوە وشەو دەستەواژەی نەشیاو بەکاربھێنیت
  2026-06-23       448       

لەبارەی ئەوەی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی بە رۆژنامەنوسێکی وت "هەی حوشتر"، سەرۆکی سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان دەڵێت "ئەوە پاساو نییە کە جەنابت وەڵام نادەیتەوە وشەو دەستەواژەی نەشیاو بەکاربھێنیت".

 

ئاوێنە: ئازاد حەمەدەمین، سەرۆکی سەندیکای رۆژنامەنوسانی ھەموو کوردستان لە لێدوانێکدا بە ئاوێنەی وت "دەبێت بەڕێز بافڵ تاڵەبانی بە فەرمی داوای لێبوردن لە دەزگا و پەیامنێرەکە و لەھەموو ڕۆژنامەنوسانی کوردستان بکات، چونکە رۆژنامەنوس مافی خۆیەتی داوای پرسیار بکات و ئەویش مافی خۆیەتی وەڵام نەداتەوە، بەڵام ئەوە پاساو نییە کە جەنابت وەڵام نادەیتەوە وشە و دەستەواژەی نەشیاو بەکاربھێنیت".

وتیشی "پێشێلکردنی ئازادی ئەوە نییە رۆژنامەنوس دەکرێتە زیندانەوە، بەڵکو ئەو دەستەواژانەش جۆرێکە لەپێشێلکاری و رێزنەگرتن لە ئازادی رۆژنامەگەری و پیشەی رۆژنامەنوسەکە".

سەرۆکی سەندیکای رۆژنامەنوسان ئەو دەستەواژەیە بە"وتەیەکی نوێ'" ناودەبات، دەشڵێت "بەداخەوە کە لەلایەن کەسێکەوە روویدا کەسی یەکەمە لەنێو حزب، من لەلایەن خۆمەوە داوام لەداواکاری گشتی کردووە بێتە سەر ھێڵ، چونکە ئەوە پێشێلکردنی مەزاجی گشتی و نەریتی ھەموو کوردستانە".

ئازاد حەمەدەمین رونیکردەوە "ئەو رۆژنامەنوسە بۆی ھەیە بەپێی یاسای رۆژنامەگەری لەبەرامبەر ئەو ناوزڕاندنە سکاڵا تۆمار بکات، چونکە ئەوە پێی دەڵێن گەڕانەوەی شکۆ بۆ کەسەکە تەنانەت دەتوانێت داوای ئیعتیزاریش بکات".

"لە یاسای رۆژنامەگەری ھەموو بەندەکان ماددەکان لەبارەی تەشھیرن بەپێی ئەو بڕگانەی لە یاسای ژمارە ٢٥ی ساڵی ٢٠١٧ ھاتووە دەتوانێت ئەو رۆژنامەنوسە داوای مافی خۆی بکات". سەرۆکی سەندیکای رۆژنامەنوسانی ھەموو کوردستان وا دەڵێت.
 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×