ئەنجومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە؛ بڕیار لەسەر مووچەی خانەنشینیی کرێکاران و سیستمی گومرگیی ئەسیکۆدا دەدرێت
  2026-06-24       114       

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٤ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات و دوو پرسی سەرەکیی کارگێڕی و ئابووری تاوتوێ دەکات.

ئاوێنە: ​بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەکە، تەوەری یەکەم تەرخانکراوە بۆ پرسی هەماهەنگیی گومرگی لە نێوان هەولێر و بەغدا. لەم بڕگەیەدا ناوەڕۆک و پوختەی ئەو کۆنووسە هاوبەشە دەخرێتەڕوو کە لە رێکەوتی ١٨ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦ لە شاری بەغدا، لە نێوان دەستەی گومرگی فیدراڵی و گومرگی هەرێمی کوردستان واژوو کراوە و تایبەتە بە جێبەجێکردنی سیستمی (ئەسیکۆدا).

​بۆ تاوتوێکردنی ئەم تەوەرە، میوانداریی لیژنەی تەکنیکیی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە کە واژوویان لەسەر کۆنووسەکە کردووە. بڕیارە ئەنجومەنی وەزیران هەریەک لە وەزارەتەکانی (دارایی و ئابووری، بازرگانی و پیشەسازی، ناوخۆ، پلاندانان، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، تەندروستی) لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان و فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری رابسپێرێت بۆ دروستکردنی هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ دامەزراوە هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدراڵی. ئامانج لەم هەنگاوە، خستنەڕووی پلانی داهاتوو و ئامادەکارییە بۆ پەسەندکردنی کۆتایی سیستمەکە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق.

​لەلایەکی دیکەوە، تەوەری دووەمی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە پرسی چاکسازییەکانی حکومەت لە بواری خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی کرێکاراندا. لەم بڕگەیەدا کە لەلایەن وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتییەوە دەخرێتەڕوو، ئەنجومەنی وەزیران بڕیار لەسەر پێشنیارێکی تایبەتی ئەو وەزارەتە دەدات بۆ کرێکارانی کەرتی تایبەت. بەپێی پێشنیارەکە، کەمترین بڕی مووچەی مانگانەی خانەنشینی بۆ کرێکارانی کەرتی تایبەت بە ٥٠٠ هەزار دینار دیاری دەکرێت، کە بودجەکەی راستەوخۆ لە خەزنەی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران دابین دەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×