دەستەی دەستپاکی فیدراڵی، لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشەوە لەگەڵ دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، توانییان تۆڕێکی ڕێکخراوی گەندەڵی و سەرانەسەندن لەناو یەکێک لە ناوەندە گومرگییەکانی پارێزگای کەرکووک ئاشکرا بکەن و هەڵیوەشێننەوە. لەم پرۆسەیەدا پشکنین بۆ چەندین بەش و یەکەی جیاوازی ناو بازگەکە کرا و دەست بەسەر ئەو پارانەدا گیرا کە وەک بەرتیل وەرگیرابوون.
ئاوێنە: نووسینگەی ڕاگەیاندنی دەستەی دەستپاکی عێراق، لە ڕاگەیاندراوێکی فەرمیدا سەبارەت بەم ڕووداوە و هەوڵەکانیان بۆ دەستگیرکردنی گەندەڵکاران و ئەو کەسانەی سەرانە لە هاووڵاتییان وەردەگرن، ئاشکرای کرد کە تیمێکی سەر بە فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی کەرکووک، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و لەسەر بنەمای فەرمانی دادوەری، ئۆپەراسیۆنێکی مەیدانییان لە بازگەی چیمەنی پارێزگای کەرکووک ئەنجامداوە.
بەپێی زانیارییەکانی نێو ڕاگەیاندراوەکە، لە ئەنجامی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا شەش فەرمانبەری بازگەکە لە کاتی وەرگرتنی پارە و بەرتیل لە یەکێک لە دەڵاڵەکانی گومرگ، بە شێوەیەکی مەیدانی دەستگیرکراون.
ئەم شەش کەسە تۆمەتبارن بە وەرگرتنی بڕە پارەی نایاسایی و سەرانەسەندن لە هاووڵاتییان و بازرگانان، لە بەرامبەر تێپەڕاندن و ڕاییکردنی خێرای مامەڵە گومرگییەکانیان. هاوکات لەگەڵ دەستگیرکردنی تۆمەتباران، تیمەکان پشکنینی وردیان بۆ چەند بەش و یەکەیەکی دیکەی ناو بازگەکە کردووە و توانیویانە دەست بەسەر تەواوی ئەو پارانەدا بگرن کە وەک بەرتیل کۆکرابوونەوە.
لە کۆتایی ئۆپەراسیۆنەکەدا، ڕاپۆرتی فەرمی دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەل و پارەکان بەپێی بەندەکانی بڕیاری ژمارە (١٦٠ـی ساڵی ١٩٨٣) ڕێکخرا. دواتر سەرجەم تۆمەتبارانی دۆسیەکە ڕادەستی دادوەری لێکۆڵینەوەی تایبتمەند کران، بە مەبەستی تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان و سەپاندنی سزای گونجاو بەسەریاندا.