سبەی دژی عەبدولەتیف سەلەفی خۆپێشاندان ئەنجام دەدرێت
  2026-06-24       772       

بڕیارە سبەی پێنجشەممە، ژمارەیەک لە چالاکوانان و هاووڵاتییانی شاری سلێمانی، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی لە کەمپی کۆنی زانکۆی سلێمانی ئەنجام بدەن. بەپێی زانیارییەکان، ئامانجی سەرەکی ئەم گردبوونەوەیە پێشکەشکردنی داواکارییە بۆ دوورخستنەوە و گرتنەبەری ڕێکاری کارگێڕی و یاسایی بەرامبەر عەبدولەتیف سەلەفی، ئەمەش لە کاردانەوەی ئەو بابەت و تۆمارانەی لە ماوەی ڕابردوودا بڵاوکراونەتەوە.

ئاوێنە: ​لە بانگەوازێکدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە (٢٤ی حوزەیران) لەلایەن ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکەوە بڵاوکراوەتەوە، داوا لە سەرجەم هاووڵاتییان کراوە بەشداری لەم چالاکییە مەدەنییەدا بکەن. لە بانگەوازەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە مەبەست لەم هەنگاوە، "پاراستنی بەها کۆمەڵایەتییەکان و سەلامەتی خێزان و منداڵەکانە". بڕیارە گردبوونەوەکە کاتژمێر ١٠:٠٠ـی بەیانی سبەی دەست پێبکات.

​لە لایەکی دیکەوە، ئەو کەسەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەناوی (یاخی کوردی) خۆی ناساندووە و وەک سەرچاوەی بڵاوکردنەوەی بەڵگەکان دەردەکەوێت، پەیامێکی ئاراستەی دانیشتووانی سلێمانی کردووە و هانیان دەدات بۆ بەشداریکردنێکی بەرفراوان لەو گردبوونەوەیەدا، وەک هەوڵێک بۆ ئەوەی ناڕەزایەتییەکانیان بگەیەنن.

​سەبارەت بە ڕەوتی لێکۆڵینەوەکانیش، سەرچاوە میدیاییەکان بڵاویانکردووەتەوە کە ئەو کچەی باس لەوە دەکرێت دەنگی لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا تۆمارکراوە، ئامادەی بەردەم لیژنەی لێکۆڵینەوە بووە. بەپێی زانیارییەکان، ناوبراو لەبەردەم لیژنەکەدا پشتڕاستی کردووەتەوە کە دەنگەکە هی خۆیەتی و ڕاستی بەڵگەکانیشی سەلماندووە.

​لە ئێستاشدا، دۆسیەی ناوبراو بە فەرمی لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتمەند لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە لێکۆڵینەوەی تێدا دەکرێت، و چاوەڕوان دەکرێت پاش تەواوبوونی کارەکانیان، بڕیاری کۆتایی لەسەر کەیسەکە بدرێت و ئەنجامەکان ڕابگەیەندرێن.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×