وەزارەتی دارایی عێراق بە فەرمی نوسراوی بۆ پرۆسەی بەبانکیکردن (تەوتین)ـی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کرد، ئەمەش بە مەبەستی دابەشکردنی مووچە ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی هەژمارە بانکییەکانەوە.
ئاوێنە: بەپێی زانیارییەکان، دوای ئەوەی هەریەک لە پەرلەمانتاران (ئەحمەد حاجی ڕەشید و دکتۆر غالب) بە نوسراوێکی فەرمی داوایان لە وەزیری دارایی عێراق کردووە کە مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنی هەرێمی کوردستان ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی وەزارەتی دارایی عێراقەوە بخرێتە سەر ئەو هەژمارە بانکییانەی کە ئێستا هەیانە بۆ ئەوەی پرۆسەی تەوتینیان بۆ بکرێت، پرۆسەکە پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە.
لە وەڵامی ئەو داواکارییەدا، وەزیری دارایی عێراق نوسراوەکەی ئاراستەی فەرمانگەی یاسایی کردووە بۆ گرتنەبەری ڕێکاری پێویست. بڕیاریشە لەم چوارچێوەیەدا نوسراو بۆ هەردوو ئەمیندارییەتی گشتیی ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی نوێنەران بکرێت، بە مەبەستی بڕیاردانی کۆتایی لەسەر پرسەکە.
سەبارەت بە هێزە ئەمنییەکانیش، لە داواکارییەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە پەلە بکرێت لە پرۆسەی کۆکردنەوە و وردبینیکردنی داتای هێزە سەربازی و ئەمنییەکان، بۆ ئەوەی ئەوانیش لە قۆناغی داهاتوودا بۆ پرۆسەی تەوتین ئامادە بکرێن.
ئەم پێشهاتانە وەک دەرەنجامی زنجیرەیەک کۆبوونەوەی چڕی نێوان ئەو پەرلەمانتارانە و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق دێت، بە مەبەستی یەکلاییکردنەوە و ڕێکخستنی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.