ئەنجومەنی وەزیران: پشتیوانی لە کۆنوسی هاوبەشی هەردو دەستەی گومرگی فیدڕاڵ و هەرێم دەکەین
  2026-06-24       102       

ئەنجومەنی وەزیرانی هه‌رێم له‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆیدا پشتیوانی خۆی بۆ کۆنوسی هاوبەشی هەردو دەستەی گومرگی فیدڕاڵ و هەرێم بۆ یەکخستنی ڕێکارە گومرگییەکان ده‌ربڕی و هه‌روه‌ها پێشنیاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی په‌سه‌ندكرد بۆ دیاریکردنی کەمترین موچەی مانگانەی خانەنشینی کرێکارانی کەرتی تایبەت به‌ بڕی 500 هه‌زار دینار.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ چوارشەممە، بە سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و بە ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی كۆبونه‌وه‌كه‌، لە بڕگەی یەکەمدا، پوختەی کۆنوسی هاوبەشی نێوان دەستەی گومرگی فیدراڵ و گومرگی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا خرایە ڕو، کە لە ڕۆژی 2026/6/18 لە بەغدا واژۆ کرا.

لەمبارەیەوە لیژنەی تەکنیکیی حکومەتی هەرێمی کوردستان وردەکاریی کۆنوسی کۆبونەوەی هاوبەش و لەیەکترگەیشتنی سەرەتایی نێوان حکومەتی فیدڕاڵ و هەرێم بۆ ئەنجومەن خستەڕو.

ئەنجومەنی وەزیران، بە بایەخەوە لە لەیەکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەردو لا دەڕوانێت کە ئامانجی یەکخستنی ڕێکارە گومرگییەکان لە سەرتاسەری عێراق و بەئەلکترۆنیکردنی ڕێکارە گومرگییەکان و پەرەپێدانی ڕونی و شەفافیەتە لە داهاتی سنورە گومرگییەکان، کە لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی زیادکردنی داهاتی گشتی و کەمکردنەوەی ڕوتین و برەودان بە جوڵەی بازرگانی لە دەروازە سنورییەکان، بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە پشتیوانیی ئەم هەنگاوانە بوە و برەوی پێداوە.

ئەنجومەنی وەزیران، وێڕای پشتیوانی لە کۆنوسی کۆبونەوەی هاوبەشی هەردو دەستەی گومرگی فیدڕاڵ و هەرێم، لە هەمان کاتدا وەزارەتەکانی ( دارایی و ئابوری، بازرگانی و پیشەسازی، ناوخۆ، پلاندانان، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، تەندروستی ) و دەستەی وەبەرهێنان و فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری ڕاسپارد بۆ هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدراڵ بۆ ئامادەسازیی پەسەندکردنی کۆتایی لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزاریی بۆ ئابوری کە بڕیارە هەفتەی داهاتو، شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بۆ ئەم مەبەستە سەردانی بەغدا بکات.

هەر لەمبارەیەوە ئەنجومەنی وەزیران، داوا لە حکومەتی فیدڕاڵ دەکات لە نزیکترین دەرفەتدا، کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزاریی بۆ ئابوری ساز بکرێت بە مەبەستی پەسەندکردنی کۆتایی و جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکان کە ڕۆڵی بەرچاوی دەبێت لە زیادکردنی داهاتی گشتی و بەکارهێنانەوەی لە خزمەتی گشتی هاوڵاتییان و هەروەها ڕێکخستنەوەی پەیوەندیی دەستوری و قانونی نێوان دامەزراوە فیدڕاڵیيەکان و هەرێم لە چوارچێوەی دەستوردا .

لە بڕگەی دوەمدا ، ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەی بابەتی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی کرێکاران كرد.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، وه‌زیری كارو كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ راپۆرتێكدا پێشنیاری دیاریکردنی کەمترین موچەی مانگانەی خانەنشینی کرێکارانی کەرتی تایبەت کرد بە بڕی 500 هەزار دینار.

هه‌ر به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ، پێشنیاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی پەسەند کرد بۆ دیاریکردنی کەمترین موچەی مانگانەی خانەنشینی کرێکارانی کەرتی تایبەت بە بڕی 500 هەزار دینار.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی حوزەیرانی 2026، بە سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و بە ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی،جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبونەوەکەدا، پوختەی کۆنوسی هاوبەشی نێوان دەستەی گومرگی فیدراڵ و گومرگی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا خرایە ڕو، کە لە ڕۆژی 2026/6/18 لە بەغدا واژۆ کرا.

لەمبارەیەوە لیژنەی تەکنیکیی حکومەتی هەرێمی کوردستان وردەکاریی کۆنوسی کۆبونەوەی هاوبەش و لەیەکترگەیشتنی سەرەتایی نێوان حکومەتی فیدڕاڵ و هەرێم بۆ ئەنجومەن خستەڕو.

ئەنجومەنی وەزیران، بە بایەخەوە لە لەیەکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەردو لا دەڕوانێت کە ئامانجی یەکخستنی ڕێکارە گومرگییەکان لە سەرتاسەری عێراق و بەئەلکترۆنیکردنی ڕێکارە گومرگییەکان و پەرەپێدانی ڕونی و شەفافیەتە لە داهاتی سنورە گومرگییەکان، کە لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی زیادکردنی داهاتی گشتی و کەمکردنەوەی ڕوتین و برەودان بە جوڵەی بازرگانی لە دەروازە سنورییەکان، بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە پشتیوانیی ئەم هەنگاوانە بوە و برەوی پێداوە.

ئەنجومەنی وەزیران، وێڕای پشتیوانی لە کۆنوسی کۆبونەوەی هاوبەشی هەردو دەستەی گومرگی فیدڕاڵ و هەرێم، لە هەمان کاتدا وەزارەتەکانی ( دارایی و ئابوری، بازرگانی و پیشەسازی، ناوخۆ، پلاندانان، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، تەندروستی ) و دەستەی وەبەرهێنان و فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری ڕاسپارد بۆ هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدراڵ بۆ ئامادەسازیی پەسەندکردنی کۆتایی لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزاریی بۆ ئابوری کە بڕیارە حەفتەی داهاتو ، شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بۆ ئەم مەبەستە سەردانی بەغدا بکات.

هەر لەمبارەیەوە ئەنجومەنی وەزیران، داوا لە حکومەتی فیدڕاڵ دەکات لە نزیکترین دەرفەتدا، کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزاریی بۆ ئابوری ساز بکرێت بە مەبەستی پەسەندکردنی کۆتایی و جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکان کە ڕۆڵی بەرچاوی دەبێت لە زیادکردنی داهاتی گشتی و بەکارهێنانەوەی لە خزمەتی گشتی هاوڵاتییان و هەروەها ڕێکخستنەوەی پەیوەندیی دەستوری و قانونی نێوان دامەزراوە فیدڕاڵیيەکان و هەرێم لە چوارچێوەی دەستوردا .

لە بڕگەی دوەمدا ، ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەی بابەتی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی کرێکاران كرد.

سەرەتا وەزیری کار وکاروباری کۆمەڵایەتی ڕاپۆرتێکی پوختی خستەڕو سەبارەت بە چاکسازییەکانی بواری خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی کرێکاران، بە تایبەتی بە دیجيتاڵکردنی ڕێکارەکان لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و چالاککردنی سندوقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و گلدانەوەی لێبڕینی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی کرێکاران و بەشداریی داراییی خاوەنکار لەم سندوقە و چالاکردنی نوسینگەکانی بەکارخستن و ڕەخساندنی دەرفەتی کار بۆ گەنجان، سەرەڕای سازدانی خولەکانی ڕاهێنان و فێرکردنی پیشەکان، کە ئەم ڕێکارانەش وای کردوە کە ژمارەی ئەو پڕۆژانەی دەستبەر کراون، بگاتە نزیکەی 64 هەزار پڕۆژە، و سەرەڕای زیادبونی ژمارەی کرێکارانی دەستەبەرکراو بە شێوازێکی بەرچاو، کە ئێستا ژمارەیان گەیشتوەتە نزیکەی 320 هەزار کرێکار، ئەوەی ئەم ڕێکارانە بوەتە هۆی هاندانی گەنجان بۆ پڕکردنەوەی دەرفەتەکانی کارکردن لە کەرتی تایبەت و دابینکردنی مافی خانەنشینی و وەرگرتنی پاداشتی کۆتایی خزمەت بۆیان دوای گەیشتنیان بە تەمەنی خانەنشینی بەگوێرەی یاسا بەرکارەکان، لە دوا بڕگەی ڕاپۆرتەکەیدا، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، پێشنیاری دیاریکردنی کەمترین موچەی مانگانەی خانەنشینی کرێکارانی کەرتی تایبەت کرد بە بڕی پێنجسەد هەزار دینار.

سەرەتا سەرۆک و جێگری سەرۆک وەزیران بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، دەستخۆشییان لە وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کرد کە لە چەند ساڵی ڕابردودا، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، لە چوارچێوەی بەرنامەی کاری حکومەتدا، بە هاوکاریی نوسینگەی سەرۆک و جێگری سەرۆک وەزیران، کار و پڕۆژە و چالاکیی گرنگیان ئەنجامداوە لەم بوارەدا.

ئەنجومەنی وەزیران بە بایەخەوە، هەڵسەنگاندنی بۆ ئەو هەنگاو و ڕێکارانە كرد کە بونەتە هۆی برەودان بە بەکارخستن لە دەرفەتەکانی کارکردن لە کەرتی تایبەت و هەوڵدان بۆ یەکسانکردنی مافەکانی خانەنشینی و دەستەبەر لە هەردو کەرتی تایبەت و گشتی و پاراستنی مافی کرێکاران و چالاککردنی سندوقی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی.

لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ، پێشنیاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی پەسەند کرد بۆ دیاریکردنی کەمترین موچەی مانگانەی خانەنشینی کرێکارانی کەرتی تایبەت بە بڕی پێنجسەد هەزار دینار.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×