دۆسیەی د. عەبدوللەتیف ئەحمەد؛ زانکۆی سلێمانی پێشنیارەکانی ڕادەستی وەزارەتی خوێندنی باڵا کرد
  2026-06-25       321       

زانکۆی سلێمانی ڕایگەیاند لیژنەی لێکۆڵینەوە لەسەر کەیسی د. عەبدوللەتیف ئەحمەد کارەکانی کۆتایی پێهێناوە و پێشنیارە یاساییەکانی ناردووە بۆ وەزارەت؛ هاوکات ڕێکخراوێک داوای لێکۆڵینەوەی بێلایەن دەکات و ناوبراویش تۆمەتەکان بە "هەڵبەستراو" ناو دەبات.

ئاوێنە: سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد کە لیژنەی لێکۆڵینەوەی زانکۆ تایبەت بە دۆسیەی (د. عەبدوللەتیف ئەحمەد) کارەکانی خۆی بەکۆتا گەیاندووە. زانکۆ ئاماژەی بەوە کردووە کە لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە ڕای گشتی و ناوەندە ئەکادیمییەکان، کۆمەڵێک پێشنیاری گونجاوی ئامادە کردووە کە تێیدا مافی خوێندکاران و پرەنسیپە ئەکادیمییەکان لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکاندا پارێزراون، و پێشنیارەکانی ئاڕاستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کردووە بە مەبەستی پەسەندکردن.

پێشتریش سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانی جەختی لەسەر ئەوە کردبووەوە کە وەک دامەزراوەیەکی فەرمی و ئەکادیمی، بە توندی پابەندە بە پاراستنی پرەنسیپەکانی یاسا و شەفافییەت لە بەدواداچوون بۆ هەر دەنگۆ یان کەیسێک کە پەیوەندی بە مامۆستایان یان فەرمانبەرانی زانکۆوە هەبێت.

لەلایەکی دیکەوە، دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان لەبارەی ئەم بابەتەوە هەڵوێستی خۆی ڕاگرت و ڕایگەیاند کە زانکۆ دامەزراوەیەکی زانستی و پەروەردەییە، بۆیە پێویستە ژینگەیەکی سەلامەت، پارێزراو و بەدوور لە هەر جۆرە هەراسانکردن، تەحەڕوش، گوشار و بەکارهێنانی نادروستی پێگەی ئەکادیمی بۆ سەرجەم خوێندکاران و کارمەندان دابین بکات.

ئەم دامەزراوەیە لە ڕوانگەی دادپەروەرییەوە ئاماژەی بەوەش کردووە کە:

- "پاراستنی بنەمای بێتاوانی تا سەلماندنی پێشێلکاری یان تاوان، و دابینکردنی مافی بەرگریی کەسی تۆمەتبارکراو، یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی دادپەروەری و لێکۆڵینەوەی پیشەیی."

- دامەزراوەی ناوبراو لە ڕاگەیەندراوەکەیدا جەختی لە چەند خاڵێکی سەرەکی کردووەتەوە:

- دوورخستنەوە لە ململانێ: کەیسەکە دەبێت لە هەموو جۆرە بەسیاسیکردن، بەئایینیکردن، بەکەسایەتیکردن و بەکارهێنانی بۆ بەرژەوەندییە لاوەکییەکان بەدوور بگیرێت.

- شەفافییەت لە لێکۆڵینەوە: تەنها لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ، پیشەیی، خێرا، شەفاف و پشتبەستووبە بەڵگە دەتوانێت ڕاستییەکان ئاشکرا بکات و متمانەی کۆمەڵگە بە زانکۆ بپارێزێت.

- پاراستنی پێگەی زانکۆ: نابێت ڕێگە بدرێت ئەم جۆرە کەیسانە (چی ڕاست بن یان پڕوپاگەندە) کاریگەریی نەرێنی لەسەر متمانەی خێزانەکان دابنێن و ببنە مایەی دوورخستنەوەی کچانیان لە خوێندن، یان زیان بە ناوبانگی زانستی زانکۆی سلێمانی بگەیەنن.

ئەم گەشەسەندنانە دوای ئەوە دێن کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، کۆمەڵێک نامەی دەنگی و نووسراو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکرانەوە، کە تێیدا ئاماژە بەوە دەکرا گوایە د. عەبدوللەتیف ئەحمەد، کە یەکێکە لە ڕێبەرە دیارەکانی ڕەوتی سەلەفییەت لە هەرێمی کوردستان، گفتوگۆ لەگەڵ کچێکدا دەکات.

لە بەرامبەردا، د. عەبدوللەتیف ئەحمەد لە ڕوونکردنەوەیەکی فەرمیدا سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە و وەک تۆمەتی ناڕەوا ناوزەندی کردن و نووسیویەتی:

"ئەو پڕوپاگەندە و تۆمەتە ناڕەوایانەی کە باس دەکرێن، لە لایەن کەسانی نەخۆش و لەخوا نەترس هەڵبەستراون و ناڕاستن و هیچ گوزارشتێک لە ئێمە ناکەن، لە ڕووی شەرعی و یاساییشەوە هیچ بەها و پێگەیەکیان نییە، {سُبْحَانَكَ هَٰذَا بُهْتَانٌ عَظِيمٌ}."

ناوبراو لە کۆتایی پەیامەکەیدا هاوکات جەختی کردووەتەوە کە بە پشتیوانی خوای گەورە، ئەم چەواشەکارییانە هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر بەردەوامیی کار و پەیامەکانی ئەوان نابێت، و ڕایگەیاندووە: "ئەوانەش کە لە هەوڵ و پیلانگێڕیدان بۆ شکاندنی بانگخوازان با چاوەڕێی تۆڵەی خوای گەورە بن، {وَلَا يَحِيقُ الْمَكْرُ السَّيِّئُ إِلَّا بِأَهْلِهِ}."

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×