بەپێی نوێترین پێشهاتەکان سەبارەت بەو کێشە و دۆسیە یاساییەی لە کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی سلێمانی لە نێوان ژمارەیەک خوێندکار و دکتۆر عەبدوللەتیف ئەحمەد هاتبووە ئاراوە، لێکۆڵینەوەکان قۆناغێکی نوێیان بڕیوە و بڕیارە کەیسەکە ڕەوانەی دادگا بکرێت.
ئاوێنە: بڕیار بوو ڕۆژی پێنجشەممە گردبوونەوەیەکی نوێی خوێندکاران بەڕێوەبچێت، بەڵام بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان لە ئیدارەی زانکۆ و هێزە ئەمنییەکانەوە، هیچ مۆڵەتێک بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان نەدراوە و هیچ گردبوونەوەیەکیش نەکراوە. خوێندکارانیش هۆکاری ئەنجامنەدانی گردبوونەوەکەیان بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە لە ئێستادا چاوەڕێی هەنگاوە کارگێڕییەکان و گۆڕانکارییە پێشبینیکراوەکانی ڕەوتی لێکۆڵینەوەکان دەکەن.
بڕیاری زانکۆ و وەزارەتی خوێندنی باڵا
لەسەر ئاستی کارگێڕی، سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانی کۆنووسی تەواوی لیژنە سێ کەسییەکەی بە شێوەیەکی فەرمی بەرزکردووەتەوە بۆ بەردەم وەزیری خوێندنی باڵا، بە مەبەستی گرتنەبەری ڕێکاری پێویست.
سێ پێشهاتی نوێ و گرنگ لە دۆسیەکەدا
لەگەڵ پێشکەشکردنی کۆنووسەکە، چەند زانیارییەکی نوێ و گرنگ ئاشکرا بوون:
- هاتنەناوەوەی داواکاری گشتی: بە فەرمی داواکاری گشتی هاتووەتە ناو کەیسەکەوە بۆ چاودێریکردنی ڕەوتی لێکۆڵینەوەکان.
- داواکردنی دادگای تایبەتمەند: یەکێک لە ڕاسپاردەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوە ئەوەیە کە دادگایەکی تایبەتمەند بێتە ناو بابەتەکەوە بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکە.
- بەڵگەی نوێی سکاڵاکاران: یەکێک لەو کچانەی کە وەک سکاڵاکار چەندین بەڵگەی خستووەتەڕوو، بە لیژنەکەی ڕاگەیاندووە کە ئەگەر گومان لە ڕاستی قسەکانیان دەکرێت، دەتوانن چاودێری کامێراکانی بازنەی مەلیک مەحمود و ئەو باخە بکەن کە ڕووداوەکانی تێدا باسلێکراوە، بۆ دڵنیابوونەوە لە بوونی ئۆتۆمبێلی کەسی تۆمەتبار و چوونە ناوەوەیان بۆ شوێنەکە.
لێکۆڵینەوەی وردی تەکنیکی
ئاماژە بەوەش کراوە کە سەرجەم وردەکارییەکان لەلایەن لیژنەی لێکۆڵینەوەی زانکۆی سلێمانییەوە وەرگیراون، لەوانە بەدواداچوون بۆ کامێراکانی چاودێری، تۆمارە دەنگییەکان، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان، تۆماری ناو ئەپلیکەیشنەکانی مۆبایل و بەدواداچوون لەگەڵ کۆمپانیاکانی پەیوەندیکردن بۆ سەلماندنی بوونی پەیوەندی لە نێوان ژمارەکاندا. سەرجەم ئەم زانیارییانە لە کۆنووسەکەدا بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا جێگیر کراون.
هەڵوێستی تۆمەتبار و پاراستنی زانیارییە هەستیارەکان
بەهۆی هەستیاریی کەیسەکەوە، هەندێک زانیاری وەک ژمارەی دروستی ئەو کوڕ و کچانەی چوونەتە بەردەم لیژنەکە بە نهێنی هێڵراونەتەوە بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر ڕەوتی لێکۆڵینەوەکان نەبێت.
لەلایەکی دیکەوە، سەبارەت بە هەڵوێستی تۆمەتبار، دکتۆر عەبدوللەتیف ئەحمەد لە وەڵامە نووسراوەکانیدا بۆ پرسیارەکانی لیژنەکە، سەرجەم ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردووەتەوە و جگە لە نووسینی ناوی خۆی، وەڵامی بۆ هیچ تۆمەتێک بە "بەڵێ" نەبووە و سەرجەم قسەکانی بە "تۆمەتی ناڕەوا" وەسف کردووە.
هەنگاوی داهاتوو
چاوەڕوان دەکرێت لە هەفتەی داهاتوودا ئەم دۆسیەیە ئاراستەی دادگایەکی تایبەتمەند بکرێت، و لیژنەیەکی یاسایی بە شێوەیەکی فەرمی دەست بە لێکۆڵینەوە بکات بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەم کەیسە یاساییەی نێوان خوێندکاران و مامۆستایەکەیان.