لە نێوان دۆسیەی ٤٥٠ ملیار دینارەکە و وەڵامدانەوەی توندی هاوژینی حەلبوسی؛ نوار عاسم بێدەنگی دەشکێنێت و ڕوو لە دادگا دەکات
  2026-06-25       644       

پەیامێکی نوێی دکتۆر نوار عاسم، ڕاگەیاندنکار و هاوژینی محەمەد حەلبوسی (سەرۆکی پارتی تەقەدوم)، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگدانەوەی بەرفراوانی لێکەوتەوە. عاسم لە گوتارێکدا بەرگری لە پێگەی خۆی دەکات و ڕایدەگەیەنێت کە بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو، هەمیشە بیرکردنەوەی لە ئاستێکی بەرزدا بووە و زمان پاراو بووە لە قسەکردندا. ئاماژەی بەوەش کردووە کە هیچ کاتێک خۆی بە شتە بێبایەخەکانەوە سەرقاڵ نەکردووە و هەمیشە بە پەروەردەیەکی باش وەڵامی ڕەفتارە خراپەکانی داوەتەوە.

ئاوێنە: هاوژینی سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە درێژەی پەیامەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە دوورکەوتنەوەی لە توڕەیی، نیشانەی بێئاگایی نییە لە وەڵامەکان، بەڵکو بەهۆی ئەوەی خۆی چاک دەزانێت قورسایی ئەو قسانە چییە کە ڕەنگە بیڵێت. لە کۆتاییشدا هۆشداری توند دەدات و دەڵێت: «بۆ هەرکەسێک کە ئارامیی منی تاقیکردووەتەوە و گرەوی لەسەر کردووە، دەسەڵاتی دادوەری چاوەڕێی ئێوەیە.»

ئەم لێدوانە توندەی نوار عاسم لە کاتێکدایە، کە لە ماوەی ڕابردوودا ناوبراو ڕووبەڕووی شەپۆلێکی بەهێزی ڕەخنە بووەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، کە تێیدا تیشک خرابووە سەر شێوازی ژیانی، بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی لۆکس و پۆشینی جلوبەرگی گرانبەها لە کاتی دەرکەوتنەکانیدا.

هاوشانی ئەم ڕەخنە جەماوەرییانە، چەندین لایەن تۆمەتی تێوەگلانی ناوبراو لە بردن یان بەهەدەردانی بڕی ٤٥٠ ملیار دیناری عێراقی دەورووژێنن. بەهۆی قەبارەی ئەم پارەیەشەوە، لە ئێستادا داواکارییەکی بەرفراوان هەیە بۆ ئەوەی دەستەی دەستپاکی عێراق بێتە سەر هێڵ و لێکۆڵینەوەیەکی ورد و گشتگیر لەبارەی سەروەت و سامانەکەی و سەرچاوە داراییەکانی ئەنجام بدات بۆ دەرخستنی ڕاستییەکان.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×