لە عەفرین بڕینەوەی دار و تاڵانکردنی سرووشت بەردەوامە
  2026-06-25       109       

لە ناوچە گوندنشینەکانی سەر بە عەفرین، پرۆسەی بڕینەوە و گواستنەوەی دارەکان بەردەوامیی هەیە. بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی بڵاوکراونەتەوە، لە پاش ئەوەی ناوچەکە لە ساڵی ٢٠١٨ـەوە کەوتووەتە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی هاوپەیمانی، زیاتر لە ملیۆنێک دار بڕدراونەتەوە.

​ئاوێنە: لە چەند گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لەلایەن دانیشتووانی گوندەکانی ناوچەکەوە تۆمارکراون و بڵاوکراونەتەوە، دەردەکەوێت کە ژمارەیەک کەسی نەناسراو سەرقاڵی بڕینەوە و بردنی دارەکانی ناوچە دارستانییەکانی هەردوو گوندی (باسوتای) و (عەین غازی)ی سەر بە عەفرینن.

​لەم بارەیەوە، سەرچاوە ناوخۆییەکانی ناوچەکە ئاماژە بەوە دەکەن کە دیاردەی بڕینەوەی دارەکان و مامەڵەپێکردنیان بۆ مەبەستی بازرگانی، ماوەی زیاتر لە هەشت ساڵە بەردەوامیی هەیە، ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەیەکی بەرچاوی ڕووبەری سەوزایی و لەناوچوونی بەشێکی زۆری دارستانەکان لەو ناوچەیەدا.

​لە لایەکی دیکەوە، بەپێی ئەو ئامارانەی کە لەلایەن ئاژانسی هەواڵی (هاوار نیوز)ـەوە بڵاوکراونەتەوە، لە ساڵی ٢٠١٨ـەوە تا ئێستا، نزیکەی یەک ملیۆن و ٣٠ هەزار دار لە ناوچەکەدا بڕدراونەتەوە و دواتر وەک دار و خەڵووز لە بازاڕەکاندا فرۆشراون. ئاژانسەکە ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە، جگە لە پرۆسەی بڕینەوەکە، زیاتر لە ١٢ هەزار هێکتار لە زەوییە کشتوکاڵییەکان و دارستانەکانی ناوچەکە سووتێنراون و زیانیان پێگەیشتووە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×