سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ (DHRD) له رۆژی جیهانی پاڵپشتی له قوربانیانی ئهشكهنجهدا داوا له ههردو حکومەتی هەرێم و حكومهتی عێراق دهكات هەرچی زوە کاربکرێت بۆ دەرچواندنی یاسایەک بۆ ڕێگریکردن و قەدەغەکردنی ئەشکەنجەو مامەڵەی نامرۆڤانە.
ئاوێنه: رێكخراوی سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ (DHRD)، ئهمڕۆ پێنجشهممه، بهبۆنهی ڕۆژی جیهانی پاڵپشتی لە قوربانیانی ئەشکەنجە، له راگهیهندراوێكدا وتی، رێكخراوهكهیان "بههەمو جۆرێک دژی هەر کردەوەیەک و پێشێلکاریيەک دەوەستێتهوە کە شکۆ و کەرامەتی مرۆڤ لەکەدار بکات لە ژێر هەر بیانو هەر هۆکارێکدا بێت."
رێكخراوهكه لەم یادەدا داوا لەسەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات کە هەوڵەکانی خۆیان چڕبکەنەوە بە مەبەستی ڕێگریکردن لە ئەشکەنجەدان و مامەڵەی نامرۆڤانە، چونکە ئەشکەنجەدان تاوانەو دڕندانەیە ناکرێت ببێتە ئامرازێک بەدەست هێزەکانی جێبەجێکردنی یاساوە وەک ئامرازێک بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوان و دانپێدانان بە تۆمەتباران و سزادانی تۆمەتباران.
سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ (DHRD) جهختیشی كردۆتهوه كه پێویستە لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ هەرچی زوە کاربکرێت بۆ دەرچواندنی یاسایەک بۆ ڕێگریکردن و قەدەغەکردنی ئەشکەنجەو مامەڵەی نامرۆڤانە بە جۆرێک لەگەڵ بڕگە و دەق و مادەکانی ڕێکكەوتننامەی بەرەنگاربونەوەی ئەشکەنجە و سەرجەم بڕگە و مادەکانی جاڕنامە جیهانیەکان و پەیماننامەکان و ڕێکكەوتننامەکانی تایبەت بە پاراستنی مافی مرۆڤ و لەسەرو هەمویانەوە ڕێکكەوتننامەی ڕێگریکردن لە ئەشکەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە کە ماوەی 15 سالە عێراق خۆی پابەند کردوە بە جێبەجێکردنی ئەم ڕێكکەوتننامەیەوە.
دهقی راگهیهندراوهكه:
بەیاننامەی ڕێکخراوی (DHRD)لەڕۆژی جیهانی پاڵپشتی لە قوربانیانی ئەشکەنجە.
نەتەوە یەکگرتوەکان ڕێکكەوتی 26ی حوزەیرانی هەمو ساڵێکی وەک ڕۆژی پاڵپشتیکردن لە قوربانیانی ئەشکەنجە دیاری کردوە، بەم بۆنەیەوە ڕێکخراوی (DHRD) وەک ئەرکێکی پیشەیی و هەمیشەیی و وەک ڕێکخراوێکی بەرگریکار لە قوربانیان و ڕزگاربوانی ئەشکەنجە پاڵپشتی دەکات لە قوربانیانی ئەشکەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە. بە هەمو جۆرێک دژی هەر کردەوەیەک و پێشێلکاریيەک دەوەستێتەوە کە شکۆ و کەرامەتی مرۆڤ لەکەدار بکات لە ژێر هەر بیانو هەر هۆکارێکدا بێت. بۆیە لەم یادەدا داوا لەسەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات کە هەوڵەکانی خۆیان چڕبکەنەوە بە مەبەستی ڕێگریکردن لە ئەشکەنجەدان و مامەڵەی نامرۆڤانە، چونکە ئەشکەنجەدان تاوانەو دڕندانەیە ناکرێت ببێتە ئامرازێک بەدەست هێزەکانی جێبەجێکردنی یاساوە وەک ئامرازێک بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوان و دانپێدانان بە تۆمەتباران و سزادانی تۆمەتباران.
لەم ڕۆژەدا ڕێکخراوی (DHRD) بیری هەمو لایەکی دەخاتەوە کە پێویستە لەسەر حكومهتی هەرێمی کوردستان و حكومهتی عێراقی فیدڕاڵ هەرچی زوە کار بکرێت بۆ دەرچواندنی یاسایەک بۆ ڕێگریکردن و قەدەغەکردنی ئەشکەنجەو مامەڵەی نامرۆڤانە بە جۆرێک لەگەڵ بڕگە و دەق و مادەکانی ڕێکكەوتننامەی بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجە و سەرجەم بڕگە و مادەکانی جاڕنامە جیهانیەکان و پەیماننامەکان و ڕێکكەوتننامەکانی تایبەت بە پاراستنی مافی مرۆڤ و لەسەرو هەمویانەوە ڕێکكەوتننامەی ڕێگریکردن لە ئەشکەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە کە ماوەی 15 سالە عێراق خۆی پابەند کردوە بە جێبەجێکردنی ئەم ڕێكکەوتننامەیەوە.