دوای تەواوبوونی دە ڕۆژ لە چالاکییە جیاوازە ئایینی و کەلتوورییەکانی ناوەندی شنگال، ئەمڕۆ بە بۆنەی 10ی موحەڕەم (ڕۆژی عاشوورا)، شیعەکانی ناوچەکە ڕێپێوانێکی جەماوەرییان بەڕێوە برد؛ چالاکییەکە وەک یەکەمین ڕێپێوانی جەماوەریی عاشوورا لە دوای ڕووداوەکانی ساڵی 2014 ناسێنرا.
ئاوێنە: ڕێپێوانەکە بە بەشداریکردنی نوێنەرانی ڕێکخراوە سیاسی، کۆمەڵایەتی و پێکهاتە جیاوازەکانی شنگال لە ناوەندی شارەکە دەستی پێکرد. بەشداربووان لە شوێنی هەڵدانی خێوەتگەی چالاکییەکانەوە بەرەو مەزارگەی ست زەینەب ڕۆیشتن و لە ڕێگەدا، بە دروشم و مەراسیمی تایبەتی عاشوورا، تا نێو بازاڕی کۆنی شنگال ڕێپێوانیان بەردەوام کرد. لە کۆتاییدا لە بەردەم مەزارگەکە ڕێوڕەسم و چالاکییە ئایینییەکان ئەنجام دران.
هەرچەندە چالاکییەکە بۆ بۆنەیەکی ئایینیی تایبەت بە شیعەکان سازدرابوو، بەڵام بەشداریکردنی نوێنەرانی پێکهاتە جیاوازەکانی شنگال سەرنجی چاودێران بۆ گرنگی هاوبەشبوون و پێکەوەژیان لە ناوچەکە ڕاکێشا.
شنگال، کە بە فرەیی ئایینی و کەلتووری ناسراوە، لە ماوەی دوایی هەوڵی زیاتر دەدات بۆ گەشەپێدانی چالاکییە هاوبەشە کۆمەڵایەتی و ئایینییەکان. لەو چوارچێوەیەدا، هەندێک لایەن ئەم جۆرە چالاکیانە بە هەنگاوێک بۆ پەرەپێدانی هاوپێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردن دەزانن.
بەپێی ڕێکخەران، مەراسیمەکانی ناو مەزارگەی ست زەینەب تا درەنگانی ئێوارە بە خوێندنەوەی دوعا، نزا و بەڕێوەبردنی چالاکییە ئایینییەکان بەردەوام دەبن.