وەزارەتی دارایی ئاماری نوێی مووچەخۆران بڵاوکردەوە
  2026-06-26       224       

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان داتا و ئاماری فەرمیی ژمارەی فەرمانبەران، مووچەخۆران و بڕی شایستەی دارایی مانگانەی سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.

بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان، کۆی گشتیی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان 1,190,391 کەسە و بۆ دابینکردنی مووچەی مانگانەیان پێویستی بە 945,817,000,000 دینار هەیە.

لە کۆی ئەم ژمارەیەدا، 664,933 کەس، واتە 55.86%، سەر بە میلاکی گشتیی حکومەتن و بۆ مووچەی مانگانەیان 662,093,000,000 دینار تەرخان دەکرێت. لە بەرامبەردا، 525,458 کەس، واتە 44.14%، مووچەخۆری دەرەوەی میلاکن و شایستەی مانگانەیان 283,724,000,000 دینارە.

بەپێی دابەشبوونی پارێزگاکان، هەولێر بە 585,364 مووچەخۆر و شایستەی مانگانەی 489,120,000,000 دینار لە پلەی یەکەمدا دێت. وەزارەت ئاماژەی کردووە کە بەرزبوونەوەی ڕێژەی میلاک لە هەولێر، کە نزیکەی 49%ی کۆی میلاکی هەرێمە، بۆ بوونی سێ سەرۆکایەتی، ئەنجومەنی دادوەری، ئاسایش، دیوانی وەزارەتەکان و دەستە حکومییەکان دەگەڕێتەوە.

لە دوای هەولێر، پارێزگای سلێمانی 436,740 مووچەخۆری هەیە و شایستەی مانگانەی 341,931,000,000 دینار بۆ تەرخان کراوە. هەروەها، لە پارێزگای دهۆک 140,206 مووچەخۆر بە شایستەی مانگانەی 95,586,000,000 دینار تۆمار کراون.

لە پارێزگای هەڵەبجە ژمارەی مووچەخۆران 15,334 کەسە و بڕی شایستەی مانگانەیان 6,908,000,000 دینارە. هەروەها، لە ناوچەکانی تری هەرێم 12,747 مووچەخۆر هەن و بۆ مووچەی مانگانەیان 12,272,000,000 دینار تەرخان کراوە.

لە بەشێکی تری داتاکاندا، وەزارەت ئاماری فەرمانبەرانی گرێبەست و وانەبێژانی مووچەخۆری سەرچاوە جیاوازەکانی داهات و بودجەشی بڵاوکردەوە. بەپێی ئەو ئامارانە، کۆی ئەم گرووپە 86,791 کەسە و کۆی شایستەی مانگانەیان 42,623,920,000 دینارە.

دابەشبوونی ئەم ژمارانە بریتییە لە: 37,933 وانەبێژی پەروەردە لەسەر داهاتی ناوخۆ بە شایستەی 18,577,850,000 دینار، 3,449 وانەبێژی خوێندنی باڵا لەسەر داهاتی ناوخۆ بە شایستەی 1,939,750,000 دینار، 36,790 گرێبەستی لەسەر داهاتی ناوخۆ بە شایستەی 18,202,132,000 دینار، 5,167 گرێبەستی لەسەر بودجەی ئاسایی بە شایستەی 2,494,998,000 دینار، 1,026 گرێبەستی لەسەر داهاتی فەرمانگەکان بە شایستەی 454,025,000 دینار، 1,201 گرێبەستی لەسەر پێشبینی مانگانە بە شایستەی 438,246,000 دینار، 750 گرێبەستی لەسەر داهاتی پەرەپێدان بە شایستەی 336,420,000 دینار، 466 گرێبەستی کرێی ڕۆژانە بە شایستەی 178,564,000 دینار و 9 گرێبەستی لەسەر هاندان بە شایستەی 1,935,000 دینار.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×