ئەمڕۆ هەینی، 26ی حوزەیرانی 2026، «تۆڕی هەشتی مارس» کە لە کۆمەڵێک رێکخراوی ژنان، مافی مرۆڤ، کۆمەڵگەی مەدەنی، ئەکادیمیستان و چالاکوانان پێکهاتووە، یاداشتێکی فەرمییان سەبارەت بە کەیسی (عەبدولـلەتیف ئەحمەد مستەفا) ئاڕاستەی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کرد.
ئاوێنە: لە یاداشتەکەدا، تۆڕەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ماوەی ڕابردوودا چاوەڕێی دەرەنجامی لیژنەی لێکۆڵینەوە بوون و هیچ هەنگاوێکی پێشوەختەیان نەناوە، بەڵام ئێستا و لەگەڵ تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، داوای "دادپەروەری و بەدوورگرتنی کەیسەکە لە هەر دەستتێوەردانێکی حزبی یان دەرەکی" دەکەن تاوەکو رێڕەوی یاسایی خۆی وەربگرێت.
کاریگەری لەسەر شکۆی زانکۆکان
تۆڕەکە لە یاداشتەکەیدا جەختیکردووەتەوە کە ئەم بابەتە تەنها کێشەیەکی کەسی نییە، بەڵکو پەیوەندی بە شکۆی زانکۆکانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە. لە دەقی یاداشتەکەدا هاتووە: "سەرپێچییە ئەخلاقییەکان گورزێکی کوشندەن لە پایەی ئەکادیمی و پێگەی زانستی زانکۆکان، ژینگەی فێربوون دەگۆڕێت بۆ ژینگەیەکی ترسناک کە ئەمەش ڕێگری دەکات لە بەدیهێنانی ئامانجە نیشتمانییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا".
بە بڕوای تۆڕەکە، هەر جۆرە پەیوەندییەکی سۆزداری یان گێچەڵکردن لە نێوان مامۆستا و خوێندکار، وەک "خراپ بەکارهێنانی پلە و پۆست" و دەسەڵاتی زانستی پۆلێن دەکرێت و پێشێلکارییەکی زەقی یاساییە بەپێی یاسای سزادانی عێراقی و یاسای بەرزەفتی فەرمانبەرانی دەوڵەت.
داواکارییەکان
تۆڕی هەشتی مارس زنجیرەیەک داواکاری ئاڕاستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا کردووە، لەوانە:
خێراکردن لە خستنەڕووی دەرەنجامەکانی لێکۆڵینەوە و رەوانەکردنی دۆسیەکە بۆ دادگای تایبەتمەند.
پاراستنی سەلامەتی و کەرامەتی خوێندکاران و دابینکردنی ژینگەیەکی ئارامی ئەکادیمی.
دڵنیابوون لەوەی بەرپرسانی زانکۆکان بەپێی یاسا پابەندی ئاگادارکردنەوەی دادگا بوون لە کاتی ئاگاداربوون لە هەر تاوانێک.
داڕشتنی ڕێبەرێکی کاری پیشەیی بۆ ڕێگرییکردن لە هەراسانکردن و دەستدرێژی لە سەرجەم زانکۆکاندا.
هەروەها تۆڕەکە ئامادەیی تەواوی خۆی دەربڕیوە بۆ پێشکەشکردنی پاڵپشتی یاسایی، دەرونی و کۆمەڵایەتی بۆ ئەو خوێندکارانەی کە ڕەنگە ڕووبەڕووی هەر جۆرە ئیستغلالکردنێک بووبێتنەوە.
جێگەی ئاماژەیە، ئەم یاداشتە لەلایەن 24 رێکخراو و سەنتەری جیاوازەوە واژۆ کراوە، لەوانە: ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان (PDO)، سەنتەری میترۆ، کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان، ئەکادیمیای ژنان بۆ سەرکردایەتی لە عێراق، و چەندین رێکخراو و دەزگای دیکەی کۆمەڵگەی مەدەنی.