مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم زیاد دەکرێت
  2026-06-26       237       

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێنماییەکی نوێی دەرکرد بە مەبەستی هاوتاکردنی مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنی (شارستانی) لەگەڵ هێزەکانی ناوخۆ. بە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە، بڕی زیاتر لە 500,000 (پێنج سەد هەزار) دینار دەچێتە سەر مووچەی هەر فەرمانبەرێک، ئەمەش لە ڕێگەی جێگیرکردنی دوو دەرماڵەی نوێ و بەرزکردنەوەی بڕی دوو دەرماڵەی دیکەوە.

ئاوێنە: بەپێی زانیارییەکان، ڕێنماییەکەی وەزارەتی دارایی لە ڕێکەوتی ٢١ی ئەم مانگەدا بە نووسراوێکی فەرمی ئاراستەی سەرجەم پارێزگاکان، ئیدارە سەربەخۆکان، قەزا و ناحیەکان، هەروەها فەرمانگەکانی کارتی نیشتمانی و زانیاری کراوە بۆ ئەوەی بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوەوە. بەم هەنگاوەش هەزاران فەرمانبەری مەدەنی کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆن لێی سوودمەند دەبن.

گۆڕانکاری و وردەکاریی دەرماڵەکان بەپێی بڕیارە نوێیەکە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

یەکەم: دەرماڵەی مەترسی (دەرماڵەی نوێ)

ئەم دەرماڵەیە بەپێی پلەی وەزیفیی فەرمانبەران دەگۆڕێت:

بریکاری وەزارەت و هاوپۆلەکانی: 620,000 دینار

بەڕێوەبەری گشتی و هاوپۆلەکانی: 605,000 دینار

فەرمانبەرانی پلە 1 تا 5: 485,000 دینار

فەرمانبەرانی پلە 6: 470,000 دینار

فەرمانبەرانی پلە 7: 455,000 دینار

فەرمانبەرانی پلە 8: 425,000 دینار

فەرمانبەرانی پلە 9: 410,000 دینار

فەرمانبەرانی پلە 10: 380,000 دینار

دووەم: دەرماڵەی خواردن (دەرماڵەی نوێ)

ئەم دەرماڵەیە بە شێوەیەکی جێگیر و بێ جیاوازیی پلە، بۆ سەرجەم فەرمانبەران بە بڕی 330,000 دینار هەژمار دەکرێت.

سێیەم: بەرزکردنەوەی بڕی دەرماڵەکانی خێزان و منداڵ

لە چوارچێوەی هەمان ڕێنماییدا، بڕی ئەو دەرماڵانەی پێشتر هەبوون گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە و زیاد کراون:

دەرماڵەی خێزان: لە 50,000 دینارەوە بەرز کراوەتەوە بۆ 75,000 دینار.

دەرماڵەی منداڵ: بۆ هەر منداڵێک لە 10,000 دینارەوە زیاد کراوە بۆ 15,000 دینار.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×