هەڵویست و یەکگرتو کۆمەڵ: هه‌مو رێگه‌یه‌‌ك ده‌گرینه‌به‌ر بۆ ڕێگری لە بەرزبونەوەی نرخی بەنزین و غاز
  2026-06-27       112       

هه‌ر سێ فراكسیۆنی هه‌ڵوێست، یه‌كگرتو و كۆمه‌ڵ رایده‌گه‌یه‌نن كه‌ بەهیج شێوەک  بێدەنگ نابین لە ئاست ئەو ستەم و نادادی و کەمتەرخەمییەی بەرامبەر بە هاوڵاتیانی هەرێم دەکرێت و هەمو ڕێگایەکی یاسایی و ئیداری ده‌گرتنه‌به‌ر بۆ ڕێگریکردن لە قۆرخکاری و بەرزبونەوەی نرخی بەنزین و غاز.

ئاوێنه‌: هەر سێ فراکسیۆنی هەڵویست، یەکگرتو و کۆمەڵ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر گرانی و بەرزبونەوەی نرخی بەنزین وغازو  سوتەمەنی راگه‌یه‌ندراوێكی هاوبه‌شیان بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌ "بەهیج شێوەک  بێدەنگ نابین لە ئاست ئەم ستەم و نادادی و کەمتەرخەمییەی بەرامبەر بە هاوڵاتیانی هەرێم دەکرێت."

جه‌ختیشیان كردۆته‌وه‌ "هەمو هەوڵ و تواناکانمان چڕدەکەینەوە لەڕێی پەرلەمان و لیژنە پەیوەندیدارەکان و سەردانی ڕاستەوخۆی وەزارەتی نەوت و گرتنەبەری هەمو ڕێگایەکی یاسایی و ئیداری بۆ ڕێگریکردن لەم قۆرخکارییە ئاشکرایە، کە  حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بەرامبەر بە هاوڵاتیان دەیکات."

ئاماژه‌یان به‌وه‌ش كردوه‌ "حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان بەرپرسیاری یەکەمی ئەم گرانی و قۆرخکارییەیە کە لە بازاڕی سوتەمەنیدا هەیە، نەمانی شەفافییەت لە داهاتی نەوت و پاڵاوگەکان، باجەکەی تەنها هاوڵاتیانی بەشمەینەتی هەرێم  دەیدەن."

سێ فراكسیۆنه‌كه‌ وتوشیانه‌، داوا ئاراستەی سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزارەتی نەوتی فیدراڵی دەکەین، بەپێی بنەماکانی دەستورو هاوڵاتیبون، پشکی پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە) لە بەنزینی کوالیتی بەرزو بە نرخی پاڵپشتیکراوی حکومی زیاد بکەن و ڕێگانەدەن هاوڵاتیانی هەرێم ببنە قوربانی ململانێ سیاسییەکان.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

لە کاتێکدا  هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، بەدەست  قەیرانی ئابووری و دواکەوتنی مووچەو چەندەها گرفتی ئابورییەوە دەناڵێنن، بارگرانییەکی تری تاقەتپڕوکێن خراوەتە سەر شانیان، ئەویش بەرزبونەوەی نرخی بەنزین غازو سوتەمەنییە، ئەم دۆخە نەخوازراوە کاریگەری ڕاستەوخۆی کردوەتە سەر بژێوی ڕۆژانەی کاسبکاران، شوفێران و سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگا.

ئێمە وەک ئەم سێ فراکسیۆنە کوردستانییە لە بەغدا، پاڵپشت بەو متمانەیەی پێمان بەخشراوە، ڕایدەگەیەنین کە بەهیج شێوەک  بێدەنگ نابین لە ئاست ئەم ستەم و نادادی و کەمتەرخەمییەی بەرامبەر بە هاوڵاتیانی هەرێم دەکرێت، بۆیە بۆ ڕایگشتی ڕونیدەکەینەوە کە ئەم هەنگاوانە دەگرینە بەر:

یەکەم: هەمو هەوڵ و تواناکانمان چڕدەکەینەوە لەڕێی پەرلەمان و لیژنە پەیوەندیدارەکان و سەردانی ڕاستەوخۆی وەزارەتی نەوت و گرتنەبەری هەمو ڕێگایەکی یاسایی و ئیداری بۆ ڕێگریکردن لەم قۆرخکارییە ئاشکرایە، کە  حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بەرامبەر بە هاوڵاتیان دەیکات.

دوەم: حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان بەرپرسیاری یەکەمی ئەم گرانی و قۆرخکارییەیە کە لە بازاڕی سوتەمەنیدا هەیە، نەمانی شەفافییەت لە داهاتی نەوت و پاڵاوگەکان، باجەکەی تەنها هاوڵاتیانی بەشمەینەتی هەرێم  دەیدەن.

سێیەم: داوا ئاراستەی سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزارەتی نەوتی فیدراڵی دەکەین، بەپێی بنەماکانی دەستور و هاوڵاتیبون، پشکی پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە) لە بەنزینی کوالیتی بەرزو بە نرخی پاڵپشتیکراوی حکومی (٤٥٠  دیناری) زیاد بکەن و ڕێگا نەدەن هاوڵاتیانی هەرێم ببنە قوربانی ململانێ سیاسییەکان.

هاونیشتمانیانی بەڕێز..

ئێمە لە بەغداوە بەردەوام دەبین لە بەکارهێنانی سەرجەم کارتە یاسایی، دەستوری و پەرلەمانییەکانمان بۆ کۆتاییهێنان بەم نادادییە و سوککردنی ئەو بارگرانییە ئابورییەی خراوەتە سەر شانتان.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×