ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی رایگەیاند، لای پارتی هەر کارێک لەبەرژەوەندی خۆیاندا بێت و یەکێتی بیکات شەراکەتی راستەقینەیە، بەوشێوازە بیرکردنەوەیەش حکومەت پێکنایەت، دەشڵێت "لەخۆبایی بوون وایکردووە، پەیوەندی نێوان لایەنەکان بەرەو خراپتر بڕوات بگاتە مریشکە رەشە".
ئاوێنە: سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی "ئەوەی لەئێستادا لە هەرێمی کوردستان روودەدات خراپە و لەخۆبایی بوون وایکردووە، کە پەیوەندی نێوان لایەنەکان بەرەو خراپتر بڕوات و خەریکە دەگاتە مریشکە رەشە و دەرکەوتووە تەنها خۆمان نەیاری خۆمانین".
وتیشی "لەکۆبوونەوەی رابردووی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا تەئکیدمان لەسەر ئەوە کردەوە، کە یەکێتی ئامادەیە بۆ چارەسەری بارودۆخی هەرێم و کێشەی پەرلەمان، هەروەها تەئکید لەوە کراوەتەوە کە یەکێتی ئامادەیە لەسەر شەراکەتی راستەقینە حکومەت پێکبهێنرێت، بەڵام دیارە لای پارتی هەر کارێک لەبەرژەوەندی خۆیاندا بێت و یەکێتی بیکات ئەوە شەراکەتی راستەقینەیە، بەڵام یەکێتی شەراکەتی لەحکومەت بەواتا راستییەکەی دەیەوێت".
بەوتەی پیرە "ئەوەی برادەرانی پارتی لەبەغدا داوای دەکەن با لەهەرێم جێبەجێی بکەن، چونکە پارتی هاوشێوەی هەرێم لەبەغداش زۆرینە نییە، بۆیە دەبێت پارتی لەوە تێبگات کە یەکێتی ئێستا لەگەڵ نەوەی نوێ هاوپەیمانێتی هەیە و خاوەنی 39 کورسییە، کورسییەکانی لەگەڵ پارتی وەک یەکن و پێویستە نیوەی حکومەتی داهاتوو بۆ یەکێتی بێت و ئەمەش مافێکی رەوای یەکێتییە".
"یەکێتی لەدووبارەبوونەوەی هەڵبژاردن ناترسێت و بارودۆخی یەکێتی ئێستا لە ساڵی پێشوو باشترە، بەڵام پێمان وایە هەڵبژاردن نابێتە کلیلی چارەسەری کێشەکان، چونکە ئیرادەیەک نییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، هەروەها هەست نەکردنە بە بەرپرسیارییەتی، ئەمەش قەوارەی هەرێم دەخاتە مەترسییەوە".