پارتی لەبارەی پەرلەمانی كوردستانەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە
  2026-06-27       304       

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، فەرموون لایەنەکانی بەشدار لە پەرلەمان بکەن چ ئەوانەی کورسیان زۆرە و چ ئەوانەی کورسی کەمتریان هەیە، دەشڵێت "پەرلەمان کارا بکەینەوە".


 
ئاوێنە: مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە تیایدا هاتووە "هەر لەدوای کۆتایی هاتنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و ڕاگەیاندنی ئاکامەکانی، لەڕوانگەی هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی و خەمخۆری بۆ بارودۆخی هەرێم، هەوڵەکانمان دەستپێکرد بۆ کاراکردنەوەی دامەزراوە شەرعییەکانی هەرێم بەگوێرەی یاسای بەرکار".

ئەوەش هاتووە "سەرەڕای پەیام و پەیوەندی و هەوڵە بەردەوامەکانی مەسعود بارزانی و پارتی بۆ گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن و نزیکبونەوە لە چارەسەری ئەو کێشانەی کە بەربەستن لەبەردەم کاراکردنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەرێم و پێکهێنانی کابینەی دەیەم، بەخستنەڕووی ژمارەیەک سیناریۆ و ڕێگەچارەی گونجاو بۆ دەربازبون لەو چەقبەستوییەی ڕووبەڕووی پرۆسەی سیاسیی هەرێم بوەتەوە، بە کۆبوونەوەی دوو قۆڵی و چەندقۆڵی، دەستپێشخەری، پێکهێنانی شاند، پەیام و سەردان، بەڵام بەداخەوە بە دەنگەوەهاتن و هەڵوێستی ئەرێنی پێویست بەرچاو نەکەوت".

مەكتەبی سیاسی پارتی زیاتری رونکردەوە "بارودۆخی ناوچەکە بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، بەرپرسیاریەتی نەتەوەیی و نیشتمانی و ئەخلاقیمان دەخاتە ئەستۆ بۆ هەرچی زووتر دۆزینەوەی ڕێگەچارەی دەربازبوون لەو دۆخە نەخوازراوەی ئێستا، کە جگە لە زیان گەیاندن بە هەرێم و ئەزموون و دەستکەوتەکانمان، بۆ هیچ لایەک سوودی تێدا نابینرێت".

کاتی کۆبونەوە و شاند و سەردان و پەیامەکانە، هەروەها هەوڵەکانمان لەگواستنەوەی باس و گفتوگۆی کێشەکان لەسەر شەقام و ڕاگەیاندنەکانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ بێ ئاکام بێ، فەرموون لایەنەکانی بەشدار لە پەرلەمان چ ئەوانەی کورسیان زۆرە و چ ئەوانەی کورسی کەمتریان هەیە، پەرلەمان کارا بکەینەوە و پەرلەمانتاران لە ناو هۆڵی پەرلەمان بەرپرسیار بن لە ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی بەرهەمدار و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو و، هەموولایەکمان پابەندی ئەو ڕێگاچارەسەرە بریارلێدراوەی پەرلەمانی کوردستان بین". پارتی وا دەڵێ
 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×