ئەندامێکی پارتی ئازادیی کوردستان لە هەولێر بە کوژراوی دۆزرایەوە
  2026-06-28       214       

پاش ئەوەی تەرمی ئەندامێکی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) بە ناوی "سۆران محەمەدزادە" لە هۆتێلێکی شاری هەولێر دۆزرایەوە، لایەنە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەیەکی وردیان بۆ ئاشکراکردنی وردەکارییەکانی ڕووداوەکە دەستپێکردووە.

ئاوێنە: ​سەبارەت بە چۆنیەتی ڕووداوەکە، ئەدیب خالیدیان، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی ئازادیی کوردستان ڕایگەیاند، تەرمەکە لەلایەن ئەندامێکی رێکخستنی نێوشاری حیزبەکەیانەوە دۆزراوەتەوە. هاوکات بەرپرسێکی تری حیزبەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە شوێنەواری چەقۆ و فیشەک بە جەستەی قوربانییەکەوە دیارە و گومانی ئەوە دەکرێت بە چەکی بێدەنگ کاری تیرۆرکردنەکەی ئەنجامدرابێت.

​سەبارەت بە لایەنی ئەنجامدەری تاوانەکە، سەرکردایەتیی پارتی ئازادیی کوردستان بەشێوەیەکی ڕاشکاوانە پەنجەی تۆمەت بۆ ئێران ڕادەکێشن و پێیانوایە ئەم کارە درێژکراوەی ئەو زنجیرە کردەوانەیە کە پێشتر حیزبەکەیان ڕووبەڕووی بووەتەوە.

​تاکاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ کام لە دامەزراوە ئەمنییەکان و لایەنە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکیان لەبارەی ئەنجامی سەرەتایی لێکۆڵینەوەکان یان ناسنامەی ئەنجامدەرانی تاوانەکە بڵاونەکردووەتەوە و دۆسیەکە هێشتا لە قۆناغی بەدواداچووندایە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×