هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی دەستپاکی، هەڵمەتێکی بەرفراوانیان بۆ دەستگیرکردنی ژمارەیەک بەرپرسی باڵا، پەرلەمانتار و کەسایەتیی سیاسی دەستپێکرد، کە تۆمەتبارن بە تێوەگلان لە کەیسەکانی گەندەڵی. هاوکات رێکاری تووندیش گیراوەتەبەر بۆ رێگریکردن لە چوونەدەرەوەی دەیان بەرپرسی دیکە لە وڵات.
ئاوێنە: بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە (28ی حوزەیرانی 2026)، هێزێکی هاوبەش کە پێکهاتبوو لە دەزگای دژەتیرۆر، سوپای عێراق، دەستەی دەستپاکی و چەند هێزێکی ئەمنیی دیکە، ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانیان لەنێو ناوچەی سەوز، چەند گەڕەکێکی شاری بەغدا و ژمارەیەک پارێزگای دیکەی عێراق ئەنجامدا.
بەپێی زانیارییەکان، لەم هەڵمەتەدا چەندین کەسایەتیی ناسراو دەستگیرکراون. لە دیارترینیان: موسەننا سامەڕایی (سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم)، عالیە نوسەیف (پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان)، چەند پەرلەمانتارێکی دیکە، چوار بەڕێوەبەری گشتی، لەگەڵ دوو راوێژکاری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق. لای خۆیەوە، سەرچاوەیەک لەناو هاوپەیمانیی عەزم جەختی لەوە کردەوە کە موسەننا سامەڕایی دەستگیرکراوە و لە ئێستادا لەژێر دەستبەسەریدایە.
لەم بارەیەوە، عەبدولڕەحمان جەزائیری، سەرۆکی دەستەی سیاسیی رەوتی نیشتمانیی هۆزایەتی و سەرکردە لە حەشدی دیفاع لە وەزارەتی بەرگری، زانیاری زیاتری ئاشکرا کرد و رایگەیاند کە ئەم هەڵمەتانە پاڵپشتن بە فەرمانی فەرمی دادگەکان. ئەو تۆمەتبارانەی دەستگیرکراون، پەیوەندییان بە چەندین دۆسیەی گەورەی گەندەڵییەوە هەیە، لەوانە:
کەیسەکانی پەیوەست بە عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت.
کەیسەکانی پەیوەست بە عەلا سەمیر، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبا.
چەندین دۆسیەی جۆراوجۆری گەندەڵی لە وەزارەتەکانی (پیشەسازی، پەروەردە، ناوخۆ و بەرگری).
جەزائیری، کە وەک کەسایەتییەکی نزیک لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ناسراوە، ئاماژەی بەوەشکرد کە رێکاری تووند بۆ رێگریکردن لە هەڵاتنی تۆمەتباران گیراوەتەبەر و گوتی: "ناوی 64 بەرپرسی عێراقی دراوەتە سەرجەم فڕۆکەخانەکان و دەروازە سنوورییەکان، و بە فەرمی گەشتکردن و چوونەدەرەوەیان لێ قەدەغە کراوە."
سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتووش، ئەو سەرکردەیەی حەشدی دیفاع هۆشدارییەکی تووندی دا و ئاشکرای کرد کە بڕیارە ئۆپەراسیۆنەکان بەشێوەیەکی فراوانتر بەردەوام بن. چاوەڕوان دەکرێت هەر ئەمشەو چەند هەڵمەتێکی دیکەی گەڕان و دەستگیرکردن لە بەغدا و پارێزگاکان جێبەجێ بکرێن. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ژمارەیەک سەرکردەی گرووپە چەکدارەکانیش دەرچووە، و هۆشداری پێدان ئەگەر خۆیان رادەستی دادگە نەکەن، ئەوا بەزۆر دەستگیر دەکرێن و رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.
بە گوتەی سەرچاوەکان، بڕیارە ئەم هەڵمەتە چڕەی دەستگیرکردنی "سەرەگەورەکان" لە عێراق بەردەوامی هەبێت، و ئامانج لێی یەکلاییکردنەوەی چەندین کەیسی گەندەڵییە پێش ئەوەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە رێکەوتی 17ی تەممووزی داهاتوودا سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەنجام بدات.