دادگای تاران سزای ٦ ساڵ زیندانیکردنی بۆ گەنجێکی کورد پەسەند کرد
  2026-06-28       126       

دادگای پێداچوونەوەی تاران بڕیاری سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بۆ ڕێبوار ماراوی، هاووڵاتیی تەمەن ٢٧ ساڵی خەڵکی کامیاران دەرکرد، ئەمەش دوای ئەوەی پێشتر بە تۆمەتی "هاوکاریکردنی ئیسرائیل" سزای ١٠ ساڵ زیندانی بۆ دەرچووبوو.

ئاوێنە: ​بەپێی ئەو زانیارییانەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هانا" بڵاوی کردووەتەوە، ڕۆژی ٢٧ـی ئایاری ٢٠٢٦، دادگای پێداچوونەوەی تاران سزای لقی ٢٨ـی دادگای شۆڕشی تارانی سەبارەت بە دۆسیەی ڕێبوار ماراوی پەسەند کردووە. بەپێی بڕیارە نوێیەکە، چوار ساڵ لەو سزایەی پێشتر دیاری کرابوو هەڵپەسێردراوە و ناوبراو دەبێت شەش ساڵەکەی دیکە لە زینداندا تێپەڕ بکات.

ڕێبوار ماراوی، کە دانیشتووی شاری تارانە و خەڵکی گوندی "ماراو"ـی سەر بە شاری کامیارانە، ئێوارەی ٩ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا. ناوبراو پاش تێپەڕاندنی مانگێک لە دەستبەسەرگەدا، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی تا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرابوو.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ماوەی لێکۆڵینەوەکان تا دەرچوونی بڕیاری کۆتایی، ناوبراو لە سەرەتاییترین مافە یاساییەکانی خۆی بێبەش کراوە، لەوانە:

​- دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری دڵخوازی خۆی.

- ​پەیوەندی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی.

- ​بوونی دەرفەتی پێویست بۆ بەرگریکردنی کاریگەر.

​ڕێکخراوەکە جەخت دەکاتەوە کە پرۆسەی دادگاییکردنەکە بەبێ ڕەچاوکردنی گەرەنتییەکانی دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە بەڕێوەچووە. هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە نەبوونی پارێزەر لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدا، شەرعییەتی یاسایی حوکمەکەی خستووەتە ژێر پرسیار و ئەم ڕەفتارانەی بە پێشێلکردنی بەڵێننامە نێونەتەوەییەکان لەلایەن ئێرانەوە ناوبردووە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×