لە درێژەی جموجۆڵە دیپلۆماسییەکان بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە، فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق پێشوازی لە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کرد. لەو دیدارەدا جەخت لەسەر ڕۆڵی عێراق کرایەوە وەک پردێک بۆ پەیوەندی نێوان ئێران و ئەمریکا و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە.
ئاوێنە: فوئاد حسێن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ عێراقچی رایگەیاند، کۆتاییهێنان بە دۆخی شەڕ و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا لە پێشینەی کارەکانی حکومەتی عێراقە. وەزیری دەرەوەی عێراق ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ ڕۆڵگێڕانی وەک نێوەندگیر لەپێناو چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و هێنانەدی ئاشتی، بەوپێیەی عێراق پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ هەردوو لایەنی ناکۆک هەیە.
حسێن ئاماژەی بەوەشکرد، سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران لە قۆناغێکی چارەنوسسازدا دێت، بەتایبەت دوای ئەو لێکتێگەیشتنانەی لە سویسرا ئەنجامدراون و واژۆکردنی یاداشتنامەیەک لەگەڵ ئەمریکا. ناوبراو جەختی کردەوە کە بەهۆی پێگە جوگرافی و مێژویی و کولتورییەکانی عێراق، بەغدا دەتوانێت ڕۆڵێکی بنەڕەتی لەم هاوکێشەیەدا ببینێت.
لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا، وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند کە گفتوگۆکان بە پلەی یەکەم تەرکیزیان لەسەر کاردانەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە گەروی هورمز بووە. بەو پێیەی داخستنی گەرووەکە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر وەستانی هەناردەکردنی نەوتی عێراق هەبووە، حسێن داوای کارکردنی جددی کرد بۆ هەڵگرتنی هەر گەمارۆیەک لەسەر بەندەرەکان، بە ئامانجی دەستەبەرکردنی سەقامگیری لە دابینکردنی پێداویستییە وزەییەکان.
لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی ناوچەکە، فوئاد حسێن پێشنیارێکی بۆ پەیوەستبوونی ئێران بە "لوتکەی گروپی هەشت" خستە ڕوو. لە بەرامبەردا، ئاماژە بە ئامادەیی تاران کرا بۆ میوانداریکردنی نوێنەری ئەو وڵاتانە بەمەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان.
حسێن دووپاتیکردەوە کە عێراق هەرگیز پشتگیری لە هیچ دەستدرێژییەک بۆ سەر ئێران نەکردووە و پێیوایە "دەبێت ئاسایشی ناوچەکە لەلایەن خەڵکی ناوچەکە خۆیانەوە بپارێزرێت"، چونکە بەردەوامی شەڕ تەنها وێرانکاری بۆ ناوچەکە لێدەکەوێتەوە.
شایەنی باسە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا. جگە لە کۆبوونەوەی لەگەڵ فوئاد حسێن، بڕیارە وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای وڵاتەکەش کۆببێتەوە.