مەسعود حەیدەر داوایی لێکۆڵینەوەی ورد لە بڕیارەکانی وەزارەتی دارایی دەکات
  2026-06-28       221       

مەسعود حەیدەر، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق، داوا لە سەرۆک وەزیران و سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری دەکات دەستەی دەستپاکی و دامەزراوە چاودێرییەکان ڕابسپێرن بۆ ئەنجامدانی وردبینی و پێداچوونەوەیەکی گشتگیر بە سەرجەم ئەو نووسراو، بڕیار و ڕێکارانەی کە لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەکەی محەمەد شیاع سودانییەوە تا ئێستا لە وەزارەتی دارایی دەرچوون.

ئاوێنە: ​حەیدەر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، پێویستە ئەم لێکۆڵینەوەیە بە تایبەت ئەو بەش و فەرمانگانە بگرێتەوە کە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە خەرجی و بڕیارە داراییەکانەوە هەیە، بەتایبەت "فەرمانگەی بودجە، فەرمانگەی ژمێریاری، فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی، فەرمانگەی یاسایی، خانوبەرەی دەوڵەت، لەگەڵ قەڵەمی نھێنیی نوسینگەی وەزیر".

​بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی جەختی لەوە کردووەتەوە کە "تەنیا لە ڕێگەی وردبینییەکی پیشەیی و شەفافەوە دەتوانرێت ڕاستییەکان ئاشکرا بکرێن و وێنەیەکی ڕوون بۆ ڕای گشتی لەسەر ئەوەی لە وەزارەتی داراییدا ڕوویداوە، بخەینە ڕوو"، هاوکات وەزارەتەکەی بەوە تۆمەتبار کردووە کە لە ماوەی ڕابردوودا "وەک وەزارەتێکی پۆلیسی" کاری کردووە.

​لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا، مەسعود حەیدەر ئاماژەی بەوە کردووە کە بەڕێوەبردنی عێراق ناکرێت لەسەر بنەمای پەراوێزخستن و دوورخستنەوە بێت، بەڵکو دەبێت لەسەر بنەمای "شەراکەتی ڕاستەقینە، دادپەروەری، سەروەریی یاسا و شەفافییەت" بنیاد بنرێت. ناوبراو پێی وایە لە ئەنجامی ئەم پێداچوونەوەیەدا، ڕوونی دەبێتەوە کە چۆن "ملیاران دۆلار" لەو ماوەیەدا خەرجکراون.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×