لەکاتێکدا هەڵمەتێکی چڕ و بەرفراوانی دەسەڵاتی دادوەریی بۆ ڕاوەدوونانی گەندەڵکاران دەستی پێکردووە، سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرای کرد، موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر، نامەیەکی ئاراستەی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە و تێیدا پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ ڕێکارەکانی حکومەت لەمبارەیەوە دەربڕیوە.
ئاوێنە: بەپێی ئەو زانیارییانەی دراونەتە ئاژانسی "شەفەق نیوز"، سەدر لە ڕێگەی کەسانی نزیکی خۆیەوە پەیامەکەی گەیاندووە. لە نامەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە پێویستە حکومەت لە هەڵمەتەکەی دژی گەندەڵیی پاشەکشە نەکات، بەبێ گوێدانە پلە و پۆست و سەر بە چ لایەنێکی سیاسی بێت. سەدر ئامانجی ئەم هەڵمەتەی بە "چەسپاندنی سەروەری یاسا و پاراستنی ماڵی گشتی" وەسف کردووە.
هاوکات لەگەڵ ئەم گەشەسەندنانە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، دۆخی ئەمنی لە بەغدا گۆڕانکاری بەسەردا هات و هێزە ئەمنییەکان دەروازەکانی ناوچەی سەوزی ناوەندی بەغدایان بە ڕووی هاتووچۆدا داخست. ئەم هەنگاوەش هاوکاتە لەگەڵ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی پشکنین و لێکۆڵینەوە لە ماڵ و شوێنی کارکردنی چەندین پەرلەمانتار، سیاسی و بازرگانی گەورە.
ئەم ڕێکارانە لە کاتێکدا دێن کە دەنگۆی بڵاوبوونەوەی لیستێکی نوێ و فراوانی ناوەکانی داواکراوان لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە دەنگی داوەتەوە. باس لەوە دەکرێت کە لیستەکە ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی باڵا، پاسەوانی بەرپرسان و بازرگانانی گەورە دەگرێتەوە، کە تۆمەتبارن بە دەوڵەمەندبوونی نایاسایی لەسەر حیسابی گشتیی و بەهەدەردانی سامانی وڵات.