دەستەی دەستپاکیی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، دەستپێکردنی ڕێوشوێنە توندهكانی بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردن دژ بەو تۆمەتبارانەی کە دەستدرێژییان کردوەتە سەر سامانی گشتی ڕاگەیاند.
ئاوێنه: دەستەکە لە راگهیهندراوێكدا وتی، دەستییان کردوە بە ڕێوشوێنە توندەکان سەبارەت بە جێبەجێکردنی ئەو فەرمانە دادوەرییانەی بۆ دەستگیرکردنی ژمارەیەک لەو تۆمەتبارانە دەرچون کە دەستدرێژییان کردوەتە سەر سامانی گشتی.
وتوشیهتی، ئەم دەستکەوتە لە ئەنجامی کۆششە هاوبەش و تهواوكارییهكان نێوان هەرسێ دەسەڵاتی دادوەری، جێبەجێکردن و یاسادانان لەگەڵ هەوڵەکانی دەستەکەدا هاتوەتە بەرهەم، کە ڕاستەوخۆ بوە هۆی جێبەجێکردنی ئەو فەرمانانە، ئەمەش وەک دەرئەنجامی پرۆسەکانی بەدواداچون، وردبینی و چاودێرییەکی بەردەوام و بێوچان لەلایەن لایەنە ئاماژەپێکراوەکانەوە.
جەختیشی کردۆتەوە کە "سەرجەم ئەو ڕێوشوێنانەی گرتویاننهتەبەر بەپێی حوکمەکانی یاسا و لەسایهی یاسادا بەوردی بەڕێوەدەچن"، ئاماژەی بەوەش کردوه کە ئەوان "هێز و ورەی خۆیان لە پشتگیری ڕەهای گەل، سەروەری یاسا و ئەو پاڵپشتییە بێ سنورو پشتیوانییە بەردەوامانهوه وهردهگرن کە لەلایەن سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە لێیان دهكرێت.
دەستەکە جەختی لە "پەرۆشی تەواو و پابەندبونی نەگۆڕی خۆی کردۆتهوە بۆ ئاگادارکردنەوەی ڕایگشتی لە وردەکارییەکانی کار و ڕێوشوێنە ورد و شەفافهكانی، بەپێی ئەوەی کە یاسا و ڕێساکانی بەرکار ڕێگەی پێدەدەن."