رێواز فایه‌ق: به‌شێكی په‌رله‌مانتارانی عێراق ده‌ڵاڵی نێوان به‌رپرسان و سه‌رمایه‌دارانن
  2026-06-28       153       

رێواز فایه‌ق، سه‌رۆكی پێشوی په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی، له‌باره‌ی ده‌ستگیركردنه‌كانی دۆسیه‌كانی گه‌نده‌ڵی له‌ عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، ده‌ركه‌وت به‌شێكی په‌رله‌مانتارانی عێراق ده‌ڵاڵ و نێوه‌ندگیرن له‌نێوان به‌رپرسان و سه‌رمایه‌داراندا.

ئاوێنه‌: رێواز فایه‌ق، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا وتی، ئەسڵ ئەوەیە، پەرلەمانتار ئەوەندەی لە توانایدایە چاودێر بێت بۆ ئەوەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن ماڵی گشتی بۆ خۆی نەپێچێتەوە، بەڵام بەداخەوە دەرکەوت بەشێکی پەرلەمانتارانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نەك ئەو ئەرکە جێبەجێ ناکەن بگرە دەڵاڵ و نێوەندگیرن لەنێوان بەرپرسانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و سەرمایەدارانداو پێکەوە بە جیاوازی نەتەوە، ئایین، ئایینزا، تۆڕی گەندەڵی و بەرتیل و خاوە و شیرینی وەرگرتنیان دروستکردوە.

ئه‌و وتوشیه‌تی، پێشتر لەسەر ئاستی عێراق بەگشتی، گوێمان لەو هەواڵانە دەبو، کە کەسانێك هەن، نە لە قانون دەزانن، نە دانوستانکارێکی باشن، نە لە ئابوری شارەزان، نە دەزانن پرۆژە یاسایەک بنوسن نە دەتوانن پرسیارێکی پەرلەمانی ئامادەبکەن نە سەرەواوێکی پەیوەندیدار بەکاری پەرلەمانی لە مێشکیاندایەو نە فێریش دەبن، کەچی ئامادەن بۆ گەیشتن بە پەرلەمان هێندەی کۆکراوەی موچەی دە ساڵی ئەندام پەرلەمانی پارە خەرج بکەن.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌، جاران سەرمان لەو هاوکێشە ژمارەییە دەرنەدەچو، ئێستا جوان بۆمان ڕونبوەوە کە ئەوانە زۆرێکیان دەڵاڵی خاوەن پرۆژەکانن و خاوە و شیرینی وەردەگرن و ئەوەی بەلایانەوە گرنگ نییە موچەکانیانه‌.

له‌ كۆتاییشدا وتویه‌تی"داواکارم لە خوای گەورە و دادپەروەر حوکمی دادپەروەرانەی خۆی بەسەر هەمو ئەوانەدا بدات، کە سەرباری موچەو ئیمتیازاتی قانونی و ئسوڵی خۆیان، دەستیان لە تاڵانکردنی ماڵی گشتیدا هەبوەو هەیانه‌."

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×