زیا جهعفهر، دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگای ناوهندیی تاوانەکانی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی له عێراق، جەختدهكاتهوه کە لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی تۆمەتبار عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن، لەسەر بنەمای بەڵگەکان بەردەوامن و لەماوەی داهاتوداو هاوتەریب لەگەڵ بهرهوپێشچونی ڕەوتی لێکۆڵینەوەکان، ڕێکاری یاسایی دژی کەسایەتی سیاسی و کەسانی دیکەش دەگیرێتەبەر.
ئاوێنه: دادوەر زیا جەعفەر، ئهمڕۆ یهكشهممه، لە راگهیهندراوێكدا وتی"لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی تۆمەتبار عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن) لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2025هوه دەستیانپێکردووە، ئەمەش دوای ئەوەی دادگا کۆمەڵێک زانیاری و سکاڵای پێگەیشت کە تێیدا هاتبو ژمارەیەک كاندید سەرچاوەکانی دەوڵەتیان بهكارهێناوهو بڕە پارەیەکی خەیاڵییان بۆ پشتگیریکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیان خەرج کردوە، بە پاڵپشتی کەسایەتییە دەستڕۆیشتوەکانی حکومەتی پێشو".
ئهو دادوهره وتوشیهتی"بەهۆی گرنگی و هەستیاریی ئەم تاوانە، هەوڵەکانی کۆکردنەوەی بەڵگە و زانیاری چەند مانگێکی خایاند و دوای دەستگیرکردنی تۆمەتباری ناوبراو، ڕەوتی لێکۆڵینەوەکان تێوەگلانی کۆمەڵێک ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئاشکرا کرد لە قۆستنەوەی سەرچاوەکانی دەوڵەت بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و سودمەندبونی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە گرێبەستە حکومییەکان بە مەبەستی بهدهستهێنانی عموله و بەرژەوەندی تایبەتی بۆ خۆیان و کەسانی دیکە؛ ئەمەش وایکرد کە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و ڕێکاری یاساییان لەدژ بگیرێتەبەر".
هێمای بۆ ئهوهش كردوه، "لەسەر داوای دادگا و پەیوەندیکردن بە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتارە تۆمەتبارەکان لەلایەن سەرۆکی ئێستای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە ههڵگیرا، ئەمەش پاڵپشت بەو دەسەڵاتانەی پێی دراوە."
ئاماژەی بەوەش داوه"دەستبەجێ دوای گەیشتنی نوسراوەکانی ههڵگرتنی پارێزبەندی، بە هاوکاری دەستەی دەستپاکی فیدراڵی و لایەنەکانی جێبەجێکردنی یاسا و بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی سەرۆکانی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و ئەنجومەنی وەزیران، دەستکرا بە جێبەجێکردنی فەرمانەکانی دەستگیرکردن و ڕاگرتنیان؛ لەو پرۆسەیەدا دەست بەسەر بڕێک پارە و بەڵگەی تاوانکاریدا گیرا کە سەرپێچیکردنی ئەوان لە یاسا دەسەلمێنێت، لە کاتێکدا بەشێکیان هێشتا ههڵاتون."
جهختیشی كردۆتهوه، "لێکۆڵینەوەکان لەم دۆسیەیەدا لەسەر بنەمای بەڵگەکان بەردەوامن و لە ماوەی داهاتودا هاوتەریب لەگەڵ بهرهوپێشچونی ڕەوتی لێکۆڵینەوە، ڕێکاری یاسایی دژی کەسایەتی سیاسی و کەسانی دیکەش دەگیرێتەبەر".