هاوپه‌یمانی عه‌زم، له‌باره‌ی ده‌ستگیركردنی موسه‌نا سامه‌ڕایی، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانییه‌كه‌و ژماره‌یه‌ك له په‌رله‌مانتار و سه‌ركرده‌كانی رایده‌گه‌یه‌نێت، به‌دواده‌چون بۆ رێكاره‌كان ده‌كه‌ن و رێزی ته‌واویش له ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ده‌گرن و متمانه‌یان به دامه‌زراوه ده‌ستورییه‌كان هه‌یه.
ئاوێنه: هاوپەیمانی عەزم، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه، لە راگه‌یه‌ندراوێكدا وتی، هاوپەیمانییه‌كه‌یان بەدواداچون بۆ ڕێکارەکانی ئەم دواییە دەکات کە به‌رامبه‌ر به موسه‌نا سامه‌ڕایی سەرۆکی هاوپەیمانییەکە و چەند پەرلەمانتار و سەرکردەیەکی تری هاوپەیمانییەکە گیراونه‌ته به‌ر.
هه‌روه‌ها جەختیشی کردۆته‌وە لەسەر گرنگی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆسیەیەدا لە چوارچێوەی ئەو دەستەبەرە دەستوری و یاساییانەی کە دادپەروەری مسۆگەر دەکەن و مافی هەمو لایەنەکان دەپارێزن.
هه‌روه‌ك هاوپەیمانییەکە جەختیشی كردۆته‌وه كه رێزی تەواو له ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی عێراق ده‌گرن و متمانەیان بە دامەزراوە دەستورییەکان هه‌یه‌و په‌رۆشیشن بۆ هاوکاریکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە چوارچێوەی یاسا کارپێکراوەکاندا بە شێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت لە دەرخستنی ڕاستییەکان و چەسپاندنی دادپەروەری.
هاوپەیمانی عەزم داوای لە هێزە سیاسییەکان، میدیاکان و ڕای گشتی کردوه کە خۆیان بەدوربگرن له‌وه‌ی پێش ڕێکارە دادوەرییەکان بكه‌ون یاخود بەکاریان بهێنن بۆ ململانێ و چەقبەستوییە سیاسی و میدیاییه‌كان و داواشی کردوه پەنا ببرێتە بەر بنەما دەستورییەکان کە بەڵگەکانی بێتاوانی و گرەنتییەکانی دادگایی‌کردنی دادپەروەرانە مسۆگەر دەکەن، بە جۆرێک کە شکۆی دەوڵەت بپارێزێت و متمانەی هاوڵاتیان بە دامەزراوەکانی بەهێزتر بکات.
هاوپه‌یمانی عه‌زم جه‌ختیشی له‌وه كردۆته‌وه كه "موسەنا سامەڕایی بەدرێژایی مێژوی سیاسی خۆی بە هەڵوێستە نیشتمانییە میانڕەوه‌كانی ناسراوەو بەردەوام سوربوە لەسەر بەهێزکردنی لێکتێگەیشتن و هاوبەشی لە نێوان پێکهاتەکانی عێراقدا و هەمیشە گوتاری دابەشبون، جەمسەربەندی و تایفەگەری ڕەتکردوەتەوە."
هه‌روه‌ها وتوشیه‌تی، "هاوپەیمانی عەزم به‌درێژایی ساڵانی ڕابردودا بەشێک بوە لەو هەوڵانەی کە پاڵپشتی لە سەقامگیری سیاسی، بەهێزکردنی کاری دامەزراوەکانی دەوڵەت و چەسپاندنی ڕەوتی دیموکراسی دەکەن."