حکومەتی عێراق هەڵمەتێکی بەرفراوانی بە ئامانجی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و گێڕانەوەی سامانی گشتی بۆ خەزێنەی دەوڵەت دەستپێکرد. لەم چوارچێوەیەدا و لە ماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێردا، ٦٧ کەس بە تۆمەتی تێوەگلان لە کەیسەکانی گەندەڵی دەستگیرکراون.
ئاوێنە: بەپێی ئەو زانیارییانەی لە میدیاکانی عێراقەوە بڵاوکراونەتەوە، لیستی دەستگیرکراوەکان کەسایەتییە دیارەکانی تێدایە، لەوانە: پەرلەمانتاران، سەرکردە سیاسییەکان، فەرمانبەرانی پلەباڵای حکومی، وەبەرهێنەران و خاوەن کۆمپانیاکان، هەروەها کەسانی نزیک لەو بەرپرسانەش بڕیاری دەستگیرکردنیان بەسەردا جێبەجێ کراوە.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوەش دەکەن کە هەڵمەتەکە بەردەوامی دەبێت و چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی ٧٢ کاتژمێری داهاتوودا بازنەی لێکۆڵینەوەکان فراوانتر ببێت، بە جۆرێک کە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ نزیکەی ٢٠٠ کەسایەتی دیکەی ناو دامەزراوە حکومی و حزبییەکان جێبەجێ بکرێت.
لەدوای دەستپێکردنی ئەم شەپۆلە لە دەستگیرکردن، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە لێدوانێکدا جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هەنگاوانە تەنیا سەرەتای قۆناغی یەکەمی هەڵمەتەکەن. ناوبراو ڕایگەیاند: "حکومەت بەرپرسیارێتی تەواوی پاراستنی ماڵی گەل لە ئەستۆ دەگرێت و لەمەودوا لە ئاست هیچ جۆرە گەندەڵییەک بێدەنگ نابین."