وەزارەتی دارایی هەرێم مەرجەکانی خەرجکردنی دەرماڵە لە زانکۆکان دیاری دەکات
  2026-06-29       137       

بەپێی نووسراوێکی فەرمیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، مەرج و ڕێکارەکانی خەرجکردنی دەرماڵەی پایە بۆ فەرمانبەران و مامۆستایان دیاریکرا و بڕیاردرا بە ڕاگرتنی خەرجکردنی دەرماڵە بۆ ئەو پۆست و پێکهاتە ئیدارییە نوێیانەی دوای ساڵی ٢٠٢٥ دروستکراون.

ئاوێنە: ​ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٩ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦، وەزارەتی دارایی و ئابووری لە نووسراوێکدا کە بە واژۆی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی دەرچووە، وردەکاریی نوێی سەبارەت بە خەرجکردنی دەرماڵەی پایە بۆ فەرمانبەران و مامۆستایان خستەڕوو. بەپێی ڕێنماییەکان، میکانیزمی خەرجکردنەکە بەم شێوەیەی خوارەوە جێبەجێ دەکرێت:

​مەرجەکانی خەرجکردنی دەرماڵە

​وەزارەتی دارایی جەختیکردووەتەوە کە تەنیا ئەو پۆستانەی لە پەیڕەوی ڕێکخستنی فەرمانگەکەدا لە بنەڕەتدا هەبوونیان هەبووە و پێشتر لەلایەن وەزارەتەکەوە پەسەند کراون، شایستەی وەرگرتنی دەرماڵەی پایەن. لەو حاڵەتانەدا ئەگەر تەنیا گۆڕانکاری لە کەسی بەڕێوەبەری پۆستەکەدا کرابێت (واتە فەرمانبەرێک لە شوێنی فەرمانبەرێکی دیکە دەستبەکار بووبێت)، دەرماڵەکە بەردەوام دەبێت و خەرج دەکرێت.

​پۆستە نوێیەکان و بڕیاری ڕاگرتن

​لە بڕیارەکەدا هاتووە کە سەرجەم ئەو پێکهاتە و پۆستە نوێیانەی (وەک بەڕێوەبەرایەتی، بەش، یان هۆبەی نوێ) کە دوای دەرچوونی گشتاندنی ژمارە (٣)ی ساڵی ٢٠٢٥ ڕەزامەندیی هێنانەکایەیان (استحداث) بۆ کراوە، "دەرماڵەی پایەیان بۆ خەرج ناکرێت"، چونکە وەکو دەرماڵەی نوێ هەژمار دەکرێن و بەپێی بڕیارە نوێیەکە نایانگرێتەوە.

​وردەکاریی دەرماڵەی پایە لە زانکۆکان

​وەزارەتی دارایی خشتەیەکیشی بۆ شێوازی خەرجکردنی دەرماڵەی پایە لە زانکۆکان دیاریکردووە، کە بەم جۆرەیە:

وردەکاریی دەرماڵەی پایە لە زانکۆکان:

​١. لێپرسراوی هۆبە لە سەرۆکایەتی زانکۆ و کۆلێژەکان:

​بۆ مامۆستا و فەرمانبەر: بە ڕێژەی (١٥٪)ـی مووچەی بنەڕەتی یان (١٠٠ هەزار) دینار مانگانە.

​٢. بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکان لە سەرۆکایەتی زانکۆ:

​بۆ فەرمانبەران: بە ڕێژەی (٢٥٪)ـی مووچەی بنەڕەتی یان (١٠٠ هەزار) دینار مانگانە.

​٣. بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکان لە سەرۆکایەتی زانکۆ:

​بۆ مامۆستایان: بە ڕێژەی (٢٥٪)ـی مووچەی بنەڕەتی یان (٢٥٠ هەزار) دینار مانگانە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×