شەپۆلێکی بەرفراوانی خۆپیشاندان باکووری کوردستان و تورکیای گرتووەتەوە؛ داوای ئازادکردنی ئۆجەلان دەکرێت
  2026-06-29       496       

لەیەکێک لەگەورەترین‌و کتوپڕترین ڕاپەڕینە جەماوەرییەکانی ساڵانی ڕابردودا، لەئێستادا ملیۆنان هاوڵاتی کورد لەباکوری کوردستان‌و شارە گەورەکانی تورکیا ڕژاونەتەسەر شەقامەکان، خۆپیشاندەران بەبەرزکردنەوەی دروشمی یەکگرتوو و هاواری "بژی کوردستان"، داوای دەستبەجێ ئازادکردنی ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەکەن، ئەمەش دۆخی ئەمنی‌و سیاسیی ئەنكەرەی گەیاندوەتە لوتکەی تەقینەوە.

ئاوێنە: ئەم شەپۆلە فراوانەی خۆپیشاندانەکان کە شارەکانی (ئامەد، وان‌و مێردین)و شاره‌ کوردییەکانی دیكه‌ى گرتوەتەوە، لەکاتێکدایە کە به‌گوێره‌ى وتەی چالاکوانان، جۆرێک لە"بۆشایی‌و بێدەنگی گوماناوی لەمیدیا کوردییەکاندا" دەبینرێت‌و هیچ دەزگایەکی فەرمی باسی ئەم دۆخە نائاساییە ناکات، بەڵام ئەم بێدەنگییە نەبوەتە ڕێگر لەبەردەم جۆش‌و خرۆشی شەقامەکە، بەڵکو دەنگی دروشمە نەتەوەییەکان بەتوندی لەسەرتاسەری ناوچەکەدا دەنگدەداتەوە.

لەبەرامبەر ئەم لافاوە مرۆییەدا، دەسەڵاتدارانی تورکیا بەتوندی کەوتونەتە خۆو هێزە ئەمنییەکان لەسەرتاسەری ناوچە کوردییەکاندا بڵاوکراونەتەوە، سوپاو پۆلیسی تورکیا بەبەکارهێنانی تەواوی هێزو گرتنەبەری ڕێکاری توندی ئەمنی، هەوڵدەدەن بۆ ڕێگریکردن لەبەردەوامبون‌و فراوانبونی زیاتری ئەم خۆپیشاندانانە، بەڵام هاونیشتمانیانى كورد هێشتا لەسەر شەقامەکان پاشەکشەیان نەکردوە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×