حکوومەتی عێراق لە درێژەی هەوڵەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دارایی و کارگێڕی، بڕیاری کردنی هەژمارێکی بانکیی تایبەتی بۆ ئەو پارانە دا کە لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکانی دژە گەندەڵی دەستیان بەسەردا گیراوە یان گێڕدراونەتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت.
ئاوێنە: حەیدەر عەبوودی، وتەبێژی سەرۆکوەزیران، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاند، عەلی زەیدی (سەرۆکوەزیرانی عێراق) ڕێنمایی وەزارەتی دارایی کردووە ئەو هەژمارە تایبەتە ئامادە بکات، بە مەبەستی زامنکردنی شەفافییەت لە بەڕێوەبردن و بەکارهێنانی ئەو سەرەوت و سامانانەی کە لە گەندەڵکاران وەردەگیرێتەوە.
عەبوودی جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هەنگاوە بەشێکە لە دیدگایەکی فراوانتر بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی دامەزراوەیی لە دەوڵەتدا، ئاماژەی بەوەشدا کە ئەم بڕیارە بە ئامانجی پاراستنی مافی گشتی و چەسپاندنی ئەنجامەکانی کەمپەینی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەبێت، بەتایبەت دوای ئەو پشتگیرییە جەماوەرییەی کە لەلایەن شەقامی عێراقی و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانەوە بۆ ئەم ئۆپەراسیۆنانە نیشان دراوە.
وتەبێژی سەرۆکوەزیران ئاشکرای کرد، ئۆپەراسیۆنەکانی دەستگیرکردنی گەندەڵکاران بەردەوامە و تەنیا لە دوایین هەڵمەتدا ٢١ تۆمەتبار دەستگیرکراون. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە دانپێدانانی دەستگیرکراوەکان، بەشێوەیەکی کردەیی ڕێگە بۆ ئاشکراکردنی تۆڕە گەورەکانی گەندەڵی و دیاریکردنی شوێنی پارە دزراوەکانی دیکە خۆش دەکات.
لە تەوەری ئەمنیی و سیاسیی کۆنفرانسەکەدا، عەبوودی دیاریکردنی کۆتایی مانگی ئەیلوولی داهاتووی وەک دوا وادە بۆ ڕادەستکردنی چەکی بێ مۆڵەت و دەرکردنی چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت ڕاگەیاند. هاوکات جەختی لە پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق کردەوە.
سەبارەت بە پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، حەیدەر عەبوودی دووپاتی کردەوە کە "لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنی باش لە نێوان بەغداد و هەولێر هەیە". ناوبراو ئاماژەی بە پابەندبوونی حکوومەتی ناوەندی کرد بۆ دەستەبەرکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم وەک بەشێک لە مافە داراییەکانیان.