بڕیارە سبەینێ لە دەوحەی پایتەختی دەوڵەتی قەتەر، کۆبوونەوەیەک لە نێوان نوێنەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێوەبچێت، ئەمەش دوای ئەوەی لایەنی ئێرانی داواکاریی بۆ ئەنجامدانی ئەو دیدارە پێشکەش کردووە.
ئاوێنە: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە ڕاگەیاندراوێکدا کە لە ڕێگەی هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ترووس سۆشیاڵ" بڵاویکردەوە، پشتڕاستی کردەوە کە ئێران داوای ڕێکخستنی ئەم کۆبوونەوەیەی کردووە و بڕیاریشە سبەینێ لە دەوحە ئەنجام بدرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، سەرۆکی ئەمریکا لە ڕاگەیاندراوەکەیدا هیچ زانیاری و وردەکارییەکی سەبارەت بە ناوەڕۆک و ئەجێندای گفتوگۆکان ئاشکرا نەکردووە.
ئەم پێشهاتە نوێیە لە کاتێکدایە، کە ناوبژیوانییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان لە نێوان واشنتن و تاراندا بەردەوامییان هەیە. لایەنە ناوبژیوانەکان لە ڕێگەی ئەم هەنگاوە دیپلۆماسییانەوە هەوڵ دەدەن زەمینە خۆش بکەن بۆ تاوتوێکردنی کۆمەڵێک پرسی هەڵپەسێردراوی نێوان هەردوو وڵات، کە لە سەرووی هەموویانەوە دۆسیەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و دۆزینەوەی ڕێگەچارە بۆ کەمکردنەوەی ئاستی گرژی و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا دێت.