شاخهوان عهبدوڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پهرلهمانی عێراق رایدهگهیهنێت، تەیف سامی، وهزیری پێشوی دارایی عێراق بڕی 50 ملیار دیناری بۆ پەرلەمانتارێک خەرج کردوە، تاوەکو لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا خەرجی بکات. دهشڵێت، وەزارەتی دارایی عێراق بڕی 25 ترلیۆن دینار قەرزاری بانکی رافیدەینە. ئاماژهی بهوهشدا، دوێنێ حكومهتی ههرێم نۆ كهسی رادهستی حكومهتی عێراق كردون.
ئاوێنه: شاخەوان عەبدوڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پهرلهمانی عێراق، لهمیانی چاوپێكهوتنێكدا لهگهڵ میدیای حزبهكهی وتی "گەندەڵی لە عێراق بوبو به مۆدە، یەکێک لەو دۆسیانەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران کاری لەسەر دەکات گەندەڵییە؛ نەبونی ئیدارەدانێکی باش هۆکاری سەرەکیی تەشەنەسەندنی ئەو دیاردەیە بوە."
ئاماژەی بەوەش کرد، کە بەشێکی زۆری سامانی عێراق لەلایەن حزب و کەسەکانەوە براوە، بەڵام ئێستا پشتگیرییەکی زۆری ناوخۆیی، بەتایبەت لەلایەن مەرجەعیەتی شیعەوە بۆ عەلی زەیدی هەیە بۆ روبەڕوبونەوەی گەندەڵی.
وتیشی "عێراقییەکان چاویان لەوەیە ئەم پڕۆسەیە گشتی بێت و شۆڕببێتەوە بۆ پارێزگاکان، چونکە ئەگەر تەنیا لە چوارچێوەی وەزارەتەکاندا بمێنێتەوە، بایەخێکی ئەوتۆی نابێت، ئەگەر بگاتە پارێزگاکان سەدان کەسی دیکە تێوەدەگلێن".
سەبارەت بە دۆخی کەرکوک، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی وتی: "گەندەڵییەکی یەکجار زۆر لەو پارێزگایە هەیە کە مەزندە دەکرێت سەدان ملیار دینار بێت، ئێمە چەندین کەیسی گەندەڵیمان لەوێ ئاشکراکرد و لایەنە پەیوەندیدارەکانمان لێ ئاگادار کردەوە، بەڵام پێشتر هیچ ئەنجامێکی نەبو".
شاخهوان عهبدوڵا وتیشی "چەندین مەلەفی تایبەتی گەندەڵیمان لەسەر وەزارەتی دارایی عێراق لەلایە، لە کاتێکدا هەندێک کەس تەیف سامی، وەزیری پێشوی داراییان بە فریشته لەقەڵەم دەدا. یەکێک لەو مەلەفانەی لەلامە ئەوەیە کە تەیف سامی بڕی 50 ملیار دیناری بۆ پەرلەمانتارێک خەرج کردوە، تاوەکو لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا لە شارەکەی خۆی خەرجی بکات."
بهقسهی شاخهوان عهبدوڵا، وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی 25 تریلیۆن دینار قەرزاری بانکی رافیدەینە.
لەبارەی ئاماری دەستگیرکراوان، شاخەوان عەبدوڵا وتی "تاوەکو ئێستا 22 کەس دەستگیرکراون و لیستەکە زۆر لەوە گەورەترە. لەم خولەی ئێستادا هیچ وەزیر و پەرلەمانتارێکی کورد ناویان لەنێو لیستەکەدا نییە، بەڵام لە خولەکانی پێشتردا هەیە".
ئاشکراشی کرد، حكومهتی ههرێم پشتیوانی لهو ههنگاوانه دهكات و ئەم پشتگیرییەش چوەتە بواری جێبەجێکردنەوە و "دوێنێ یەکشەممە، حکومەتی هەرێمی کوردستان نۆ کەسی رادهستی حكومهتی عێراق كرد، کە پەرلەمانتار و فەرمانبەر و بەڕێوەبەری گشتییان تێدابو." هەروەها وتیشی، هەندێک لە داواکراوەکان بۆ دەرەوەی وڵات رایانکردوە.
سەبارەت بە تەواوکردنی کابینە وەزارییەکە، ئاماژەی بەوە کرد کە سەرەتای هەفتەی داهاتو دانیشتنەکانی پەرلەمان دەستپێدەکەنەوە و هەرکاتێک ناوی وەزیرە ماوەکان گەیشتە پەرلەمان، رێکارەکان دەستپێدەکەن.
دەربارەی کاندیدی پارتی بۆ پۆستە وەزارییەکان، وتی "پارتی سکاڵایەکی یاسایی تۆمار کردوە، چونکە پێی وایە ڕێکارەکانی پێشوی دەنگدان بە کاندیدەکەمان ڕاست و دروست نەبوە، ئێستا چاوەڕێی بڕیاری دادگا دەکەین لەسەر ئەم پرسە".