سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پارێزگای سەڵاحەدین ڕایگەیاند، هێزە ئەمنییەکان لە ئۆپەراسیۆنێکی مەیدانیدا توانیویانە دەستبەسەر بڕێکی زۆر پارەی نەختینە (کاش)دا بگرن، کە بە نیاز بووە لە ڕێگەی ئۆتۆمبێلێکەوە لە نێوان دوو پارێزگادا بگوازرێتەوە.
ئاوێنە: بە گوێرەی زانیارییەکان، مەفرەزەیەکی هێزە ئەمنییەکان لە بازگەی (عەباس جومعە)، کە دەکەوێتە سەر ڕێگەی سەرەکی و سنووری نێوان پارێزگاکانی سەڵاحەدین و دیالە، دوای گومانکردن لە ئۆتۆمبێلێکی جۆری نیسان، بڕیاری ڕاگرتنیان داوە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، پاش پشکنینی وردی ئۆتۆمبێلەکە لەلایەن تیمە تایبەتمەندەکانەوە، دەرکەوتووە بڕی چوار ملیۆن دۆلاری ئەمریکی لە ناو ئۆتۆمبێلەکەدا شێردراوەتەوە و بە نهێنی گواستراوەتەوە.
لە کۆتاییدا، سەرچاوە ئەمنییەکە پشتڕاستی کردەوە کە دەستبەجێ دەست بەسەر بڕە پارەکەدا گیراوە و شۆفێری ئۆتۆمبێلەکەش دەستبەسەر کراوە. ناوبراو بۆ وەرگرتنی وتە و تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان و ئاشکراکردنی سەرچاوە و مەبەستی گواستنەوەی ئەو بڕە پارەیە، ڕەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە.