لە نوێترین پێشهاتی ئەمنیدا لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، شەوی ڕابردوو جارێکی دیکە ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری لە نێوان گرووپێکی چەکدار و هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە سنووری شارۆچکەی پاوە سەر بە ناوچەی هەورامان ڕوویدا، کە بەپێی سەرچاوە فەرمی و خۆجێییەکان زیانی گیانی لێکەوتووەتەوە.
ئاوێنە: بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان کە لە سەرچاوە خۆجێییەکانەوە بەدەستگەیشتوون، شەڕ و پێکدادانەکان تا درەنگانی شەوی ڕابردوو لە سنووری پاوە بەردەوام بوون. لەم بارەیەوە، میدیاکانی ئێران پشتڕاستیان کردووەتەوە کە لە ئەنجامی ئەم پێدادانانەدا دوو ئەندامی سوپای پاسداران بە ناوەکانی (خالد خالدی نیا) و (بورهان کریسانی) کوژراون، هاوکات دوو پاسداری دیکەش بە سەختی بریندار بوون و گەیەندراونەتە ناوەندە پزیشکییەکان.
سەبارەت بە ناسنامەی لایەنی ئەنجامدەری هێرشەکە، هەرچەندە تا ئێستا هیچ پارت یان ڕێکخراوێکی سیاسیی ناسراوی کوردی بە فەرمی ڕاگەیەندراوی لەو بارەیەوە بڵاو نەکردووەتەوە، بەڵام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا گرووپێک بە ناوی (خۆری هیوا) بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە دژی هێزەکانی سوپای پاسداران ڕاگەیاندووە.
ئەم پەرەسەندنە سەربازییە لە پاوە دوای زنجیرەیەک گرژی دیکە دێت کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ناوچەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتبووەوە؛ کاتێک سوپای پاسدارانی ئێران بە بەکارهێنانی سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) هێرشی کردە سەر دەوروبەری گوندی "شیوێ" لە سنووری شارۆچکەی بانە. لە کاردانەوەی ئەو بۆردومانەدا، یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) لە ڕاگەیەندراوێکدا هۆشدارییان دابوو کە هێرشکردنە سەر خاکەکەیان بە هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە و لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی هێرشی لەو شێوەیەدا، وەڵامی پێویستیان دەبێت.
هاوکات لە درێژەی ئەو ئاڵۆزییانەدا، هێزەکانی یەرەکە لە ٢٨ـی حوزەیراندا لە ڕاگەیەندراوێکی دیکەدا ئاشکرایان کردبوو کە هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی فراوانیان لە گوندی "گاگەش" و ناوچەکانی دەوروبەری لە هەرێمی مەهاباد دەستپێکردووە، کە بەهۆیەوە لەو ناوچەیەش شەڕ و پێکدادان لە نێوان لایەنەکاندا دروست بووە.