لقی راپەڕینی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، لەبارەی چارەنووسی رۆژنامەنووس "عەبدولڕەحمان خدر حەمەد" روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەداوە، کە لە رێگەی دەزگای میدیایی ستانداردەوە ئاگاداری دەستگیرکردنی ناوبراو کراونەتەوە.
ئاوێنە: بەپێی روونکردنەوەکەی سەندیکا، عەبدولڕەحمان خدر کە پەیامنێری پێشوو و ئەندامی ئێستای دەزگای میدیایی ستانداردە و دانیشتووی گەڕەکی قەندیلە لە شارۆچکەی چوارقوڕنە، بەشداربووی خولێکی سەلامەتی پیشەیی بووە کە لە رابردوودا بە هەماهەنگی لەگەڵ فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی رۆژنامەنووسان (IFJ) ئەنجامدراوە.
سەندیکای رۆژنامەنووسان – لقی راپەڕین، پشت بەست بەو زانیارییانەی لە دەزگای میدیایی ستانداردەوە پێیان گەیشتووە، روونیان کردەوە کە ڕۆژنامەنووسەکە رۆژی دووشەممە 29ی حوزەیرانی 2026، لە کاتێکدا لە گەشتێکی ئاساییدا بووە لە ناوچەی حاجی ئۆمەران و سنووری قەزای سۆران، لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی سۆرانەوە دەستگیرکراوە.
سەبارەت بە دۆخی ناوبراو، سەندیکاکە ئاماژەی بەوە کردووە کە تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم روونکردنەوەیە، هیچ زانیارییەک لەبارەی سەلامەتی و هۆکاری دەستگیرکردنەکەی بەردەست نییە.
لە کۆتایی روونکردنەوەکەدا، لقی راپەڕینی سەندیکای رۆژنامەنووسان جەختی لەوە کردووەتەوە کە بە بەرپرسیاریەتییەکی پیشەییەوە دەستیان بە بەدواداچوونی چڕ کردووە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکاندا، بە ئامانجی زانینی چارەنووس و هۆکاری دەستگیرکردنی ئەم رۆژنامەنووسە، هاوکات دڵنیایی داوە کە هەوڵەکانیان بەردەوام دەبێت تا گەیشتن بە ئەنجام و دڵنیابوونەوە لە سەلامەتی ناوبراو.