وەزیری دارایی عێراق: تا من لە پۆستەکەمدام، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دواناکەوێت
  2026-06-30       192       

فالح ساری، وەزیری دارایی حکومەتی فیدراڵ، جەختی کردووەتەوە لەسەر گرنگیی پاراستنی مافی دارایی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و دوورخستنەوەی مووچە لە ململانێ و بەربەستە داراییەکان.

​ئاوێنە: بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستکەوتوون، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزیری دارایی عێراق بەڵێنی داوە کە ماوەی مانەوەی لە پۆستەکەیدا، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە کاتی خۆیدا دابین بکرێت و ڕەوانەی هەولێر بکرێت.

​فالح ساری بە شاندە کوردستانییەکەی ڕاگەیاندووە: "پرۆسەی ناردنی بەشە مووچەی هەرێمی کوردستان مانگانە لە وادەی خۆیدا جێبەجێ دەکرێت و ناردنی مووچە پەیوەست نابێت بە داهاتە ناوخۆییەکانی هەرێمەوە."

​سەبارەت بە وردەکاریی دارایی ڕێککەوتنەکەش، وەزیری دارایی ڕوونی کردووەتەوە کە بەغداد مانگانە بڕی ١٢٠ ملیار دینار وەک پشکی داهاتی نانەوتی لە بەشە مووچەی هەرێمی کوردستان دەبڕێت، کە ئەمە لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنە هاوبەشەدایە کە پێشتر لە نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر داهاتی نانەوتی کراوە.

​ئەم هەنگاوەی وەزارەتی دارایی عێراق لە کاتێکدایە کە پرسی مووچە لە هەرێمی کوردستان ڕەهەندێکی هەستیاری هەیە و هاوڵاتییان و فەرمانبەران چاوەڕوانی جێگیربوونی میکانیزمی ناردنی مووچە دەکەن بۆ ئەوەی چیتر تووشی پەککەوتنی گوزەرانیان نەبنەوە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×