عێراق داوای ڕادەستکردنەوەی ژمارەیەک بەرپرس و بازرگانی گەندەڵ لە ئوردن دەکات
  2026-06-30       229       

عێراق لە ڕێگەی نوسراوی فەرمییەوە داوا لە دەسەڵاتدارانی ئوردن دەکات ئەو کەسانەی بە تۆمەتی گەندەڵی داواکراون ڕادەستی بەغدا بکەنەوە و دەستبەسەر تەواوی سەروەت و سامانەکەشیاندا بگرن.

ئاوێنە: ​بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەیەکی باڵای سیاسییەوە دەستکەوتوون، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە قۆناغی کۆتایی ئامادەکردنی نوسراوێکی فەرمیدایە بۆ حکومەتی ئوردن، کە تێیدا داوای ڕادەستکردنەوەی ژمارەیەک بازرگان و بەرپرسی پێشووی عێراق دەکات کە بەهۆی تێوەگلانیان لە کەیسەکانی گەندەڵی، لەلایەن دادگاکانی عێراقەوە داواکراون.

میدیاکانی ئوردن لە زاری ئەو سەرچاوەیەوە بڵاویانکردووەتەوە، ئەو کەسایەتییانەی ناویان لە لیستەکەدایە، لە کەرتی تایبەت و چەند چالاکییەکی ئابووریی دیار لە ئوردن کار دەکەن. دیارترینی ئەو کەرتانەش بریتین لە:

- ​هاوردەکردن و بازرگانیکردنی ئۆتۆمبێل.

- ​بەڕێوەبردنی کارگەی بەرهەمهێنانی چپسی پەتاتە.

​- خاوەندارێتی و بەڕێوەبردنی نەخۆشخانەیەکی تایبەت.

- ​تۆمەتەکان و قەبارەی دارایی

بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو تۆمەتبارانە بەوە تاوانبارن کە دەستیان بەسەر دەیان ملیۆن دۆلاردا گرتووە، جگە لە بڕێکی زۆر لە زێڕ کە تائێستا قەبارە و بەهاکەی بە تەواوی خەمڵێنراو نییە. حکومەتی بەغدا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پێویستە دەستبەسەر مۆڵەتەکان، سەروەت و سامان، و داراییەکانی ئەو گومانلێکراوانەدا بگیرێت، چ لەناو خاکی ئوردن بێت یان لە دەرەوەی ئوردن.

ئەم هەنگاوەی بەغدا بەشێکە لەو زنجیرە لێکۆڵینەوە و هەڵمەتە فراوانانەی کە لەدوای دەستبەکاربوونی عەلی زەیدی وەک سەرۆک وەزیران و جەختکردنەوەی لەسەر دۆسیەی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی دەستیانپێکردووە. سەرۆک وەزیران جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی یەکێکە لە ئەولەویەتە سەرەکییەکانی حکومەتەکەی و کار بۆ گەڕاندنەوەی ئەو سامانانە دەکات کە بە نایاسایی لە عێراق براونەتە دەرەوە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×