ڕۆژی سێشەممە، دادگای تایبەتمەندی کەرخ بڕیاری کۆتایی لە کەیسێکی مەدەنیدا دەرکرد، بەپێی بڕیارەکەش عەلیە نەسیف، ئەندامی پەرلەمان، پابەند کراوە بە پێدانی قەرەبووی دارایی بە حسێن یوسف تەمیمی، ڕاوێژکاری یاسایی لە وەزارەتی ناوخۆ.
ئاوێنە: هاتنی ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە دادگا گەیشتە ئەو ئەنجامەی، ئەو لێدوان و دەربڕینانەی لە ڕێگەی میدیاکانەوە بەرامبەر بە ناوبراو بەکارهاتوون، زیانی بە ناوبانگ، پێگەی وەزیفی و کۆمەڵایەتییەکەی گەیاندووە. ئەو زیانانەش پاش ئەوە ڕوویان داوە کە ناوبراو ئەرکێکی یاسایی و فەرمیی خۆی بەپێی فەرمانێکی دادوەری بۆ دەستگیرکردنی برازایەکی عەلیە نەسیف جێبەجێ کردووە.
بەگوێرەی ئەو ڕاگەیەندراوەی دادگا، ئەم بڕیارەی ئەمڕۆ درێژکراوە و دەرەنجامی حوکمێکی سزایی پێشووە لەسەر هەمان ڕووداو، کە تیایدا دادگا مافی بە ڕاوێژکارە یاساییەکە داوە داوای قەرەبووی مەعنەوی و ماددی بکات بەرامبەر بەو زیانانەی پێی گەیشتووە.
دادگای کەرخ لە ڕاگەیەندراوەکەیدا جەخت دەکاتەوە کە ئەم بڕیارە ئاماژەیەکی گرنگە بۆ سەروەریی یاسا، بەو پێیەی دەزگای دادوەریی عێراق وەک گەرەنتییەکی دەستووری بۆ پاراستنی فەرمانبەرانی دەوڵەت لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا کار دەکات، هەروەها جەختکردنەوەیە لەسەر بنەمای بەدوورنەبوون لە لێپرسینەوە بۆ هەر کەسێک کە سنووربەزاندن یان سووکایەتی بەو کەسانە دەکات کە کاری جێبەجێکردنی یاسا و بڕیارە دادوەرییەکان ئەنجام دەدەن.