ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە عێراق، گێڕانەوەی ١٩ ملیار دیناری لە دۆسیەیەکی "گەندەڵیی دارایی" لە کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراقی ڕاگەیاند.
ئاوێنە: ئەنجومەنی دادوەری لە بەیاننامەیەکدا کە دەست ئاژانسی شەفەق نیوز کەوتووە، ئاماژەی بەوە کردووە کە دادگای لێکۆڵینەوەی تایبەت بە کەیسەکانی دەستپاکی (نەزاهە) لە ڕەسافە، ئەمڕۆ بڕی ١٩ ملیار دیناری عێراقیی گێڕاوەتەوە.
هەروەها ئەوەش هاتووە "بڕە پارەکە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بە دۆسیەیەکی گەندەڵیی دارایی گێڕدراوەتەوە، کە پەیوەندی بە دەستکاریکردنی تەمەسک (کەشف)ی سپاردنی ئەو بڕە پارانەوە هەبووە کە سەربە هێڵی ئاسمانیی عێراقی بوون".
ئەم هەنگاوە هاوکاتە لەگەڵ هەڵمەتێکی چڕی ڕێکارەکان کە حکومەت بەرەبەیانی یەکشەممەی ڕابردوو دەستیپێکرد، کە بەرپرسان، پەرلەمانتاران و سەرمایەدارانی گرتووەتەوە؛ عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیران، ئەمەی بە "قۆناغی یەکەم"ی ڕێڕەوێکی فراوانتر بۆ گێڕانەوەی ماڵی گشتی وەسفکرد و فەرمانی بە دەزگا چاودێرییەکان کرد کە لە حاڵەتی ئامادەباشیدابن بۆ وەرگرتنی هەر نیشانەیەک پەیوەست بە مەلەفەکانی گەندەڵی یان کەمتەرخەمیی دامەزراوەیی.