لە رۆژی یەکشەممەوە هەڵمەتێکی دژی گەندەڵی لە کابینەکەی عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستیپێکرد و چەندین پەرلەمانتار و بازرگان و وەزیر دەستگیرکران، هەرچەندە بەپێی زانیارییەکان ئەوە ئاشکرا کراوە کە لە لیستەکەدا کوردیشی تێدایە، پەرلەمانتارێکی پێشووی عێراق باس لەوە دەکات کە ئەگەر هەڵمەتەکەی زەیدی هەرێم نەگرێتەوە "دەبێت گومان لەو هەڵمەتە بکەین".
ئاوێنە: کاوە محەمەد، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق لەسەر لیستی گۆڕان لە لێدوانێکدا بە ئاوێنەی وت "هەنگاوێکی زۆر پێویست و گرنگە کە سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق دەستیپێکردووە، بەهۆی گەندەڵییەوە هەموو پایە و دامەزراوەکانی عێراق بێهێز کراوە، ئەو کەسانەی کە دەستگیکراون هێشتا سەرە گەورەکان نیین".
سەبارەت بە کوردەکانیش، ئەو دەڵێت "لەوە گومانم نییە کە کورد لە لیستەکەدا هەبێت، لەکوردستانیش گەندەڵییەکی رێکخراوی گەورە هەیە".
کاوە محەمەد ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو هەڵمەتەی عەلی زەیدی دەستیپێکردووە، ئەگەر کوردستان و بەرپرسەکان و پەرلەمانتارەکانی نەگرتەوە "دەبێت گومان لەو هەڵمەتە بکەین".
وتیشی "ئەگەر لە عێراق گەندەڵی لە مووچەی خەڵک نەکرابێت، خۆ لەهەرێم تەنانەت گەندەڵی لەمووچەش کرا و دزی لە فەرمانبەران کرا".
ئەو زیاتر لەسەر کوردەکان رای خۆی دەخاتە روو و رایدەگەیەنێت "مەرج نییە ئەوەی کە ناوی دەهێنرێت وەکو کورد لە لیسەتەکدا راست بێت و راستەوخۆ حەسانەی لەسەر هەڵبگیرێت، ئەگەر ئەو پڕۆسەیە کوردەکانیش بگرێتەوە ئەوە بەرپرسی زۆر باڵای کوردستان دەگرێتەوە".
"لەکوردستان پارەیەکی زۆر براوەتە دەرەوە و موڵکی پێ کڕاوە. ئەوانەی دەستخۆشی لە هەڵمەتەکەی عەلی زەیدی دەکەن هەر ئەوانەن گەندەڵییان هێناوەتە نێو عێراق و خەڵکیان فێری گەندەڵی کرد". پەرلەمانتارەکەی پێشووی گۆڕان وا دەڵێ.