نووسینگەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لەرڕوونکردنەوەیەکدا ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لە هەبونی ناوی لە لیستی گەندەڵکاران و دەرچونی فەرمانی دەستگیرکردنی دەکەن و دەڵێت "ئاگاداری هەموو ئەو کەناڵ، میدیا، پەیجە فەرمی و ئەکاونتە سێبەرانە دەکەینەوە لەکاتی بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە هەواڵە بێ بنەما و تۆمەتانەدا، ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی پارێزەری تایبەتی خاتوو شانازەوە ڕێکاری یاسایی دەگیرێتەبەر و سکاڵای یاسایی لە دژیان تۆمار دەکرێت و ڕووبەڕووی سزای یاسایی دەکرێنەوە".
ئاوێنە: دەقی ڕوونکردنەوەکەی نووسینگەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد:
لە دوای هەوڵ و هەنگاوە بەردەوامەکانی حکومەتی عێراق بۆ بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و دەستگیرکردنی ژمارەیەک کەس بە تۆمەتی دەستدرێژیکردن بۆ سەر ماڵ و سامانی گشتی، نوسینگەی خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دەستخۆشی و پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ هەوڵەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان دەردەبڕێت لە پێناو بنبڕکردنی گەندەڵی و بەدیهێنانی دادپەروەری.
بەڵام بەداخەوە، لە ماوەی ڕابردوودا هەندێک کەناڵ، میدیا، پەیجی فەرمی و مۆڵەتپێدراو، جگە لە پەیجەکانی سێبەر، هەواڵ و بابەتێکی بێ بنەما و نادروستیان سەبارەت بە خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بڵاوکردووەتەوە.
لەبەر ئەوە، نوسینگەی خاتوو شاناز بۆ هەموو لایەکی ڕووندەکاتەوە کە ئەو هەواڵ و بابەتانە تەنها درۆ، بوختانن و هەوڵێکی بەردەوامن بۆ لێدان لە پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد و هیچ بنەمایەکی ڕاستیان نییە.
هەروەها، لێرەوە ئاگاداری هەموو ئەو کەناڵ، میدیا، پەیجە فەرمی و ئەکاونتە سێبەرانە دەکەینەوە لەکاتی بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە هەواڵە بێ بنەما و تۆمەتانەدا، ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی پارێزەری تایبەتی خاتوو شانازەوە ڕێکاری یاسایی دەگیرێتەبەر و سکاڵای یاسایی لە دژیان تۆمار دەکرێت و ڕووبەڕووی سزای یاسایی دەکرێنەوە.