لە کاتێکدا زیاتر لە 18 مانگ بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تێپەڕ دەبێت، چالاکییە پەرلەمانییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبوونەتەوە و پەرلەمان تەنها یەک کۆبوونەوەی ئەنجام داوە.
ئاوێنە: بەپێی زانیارییەکان، لەو ماوەیەدا کە پەرلەمان لە دۆخێکی نائاساییدا بووە، سەرجەم پەرلەمانتاران مووچەی 16 مانگیان وەرگرتووە. بەشێوەیەک هەر پەرلەمانتارێک مانگانە بڕی 6 ملیۆن و 900 هەزار دیناری بۆ خەرج کراوە.
سەبارەت بە وردەکاریی مووچەکە، سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە مووچەی بنەڕەتی هەر پەرلەمانتارێک 8 ملیۆن و 200 هەزار دینارە، بەڵام بەهۆی ئەنجامدانی لێبڕین تایبەت بە پارەی لیژنەکان و قەرز و پاشەکەوتی خانەنشینی، بڕە پارەی گەیشتوو بە دەستی پەرلەمانتاران دابەزیوە بۆ 6 ملیۆن و 900 هەزار دینار.
ئەم بارودۆخە لە کاتێکدایە کە پەرلەمانی کوردستان ئەمڕۆ بەفەرمی دەست بە پشووی هاوینەی خۆی دەکات، بێ ئەوەی لە ماوەی 18 مانگی رابردوودا رۆڵێکی ئەوتۆی لە چاودێریکردنی حکومەت یان دەرکردنی یاسا گشتییەکاندا هەبووبێت.