لیژنەی هەموارکردنەوەی خشتەی موچەی فەرمانبەران لە عێراق، کە لەلایەن وەزارەتی پلاندانانەوە سەرپەرشتی دەکرێت، گەیشتوەتە دوا قۆناغەکانی ئامادەکاری و ڕایگەیاندووە کە نزیکەی 80%ی داتاکانی پەیوەندیدار بە موچە و دەرماڵەی فەرمانبەرانی یەکلا کردوەتەوە. ئەم هەنگاوە بە ئامانجی بنبڕکردنی ناهاوسەنگییە قوڵەکان لە کەرتی گشتی و بەدیهێنانی دادپەروەریی دارایی دێت.
ئاوێنە: هەناء ئەسەدی، سەرۆکی لیژنەی هەموارکردنەوەی خشتەی موچە و بریکاری وەزارەتی پلاندانان، لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی فەرمی عێراق ڕایگەیاند: "لیژنەکە چەندین سیناریۆی پێشکەش کردووە، کە دیارترینیان زیادکردنی موچەی بنەڕەتی (الاسمی)یە لە بەرامبەر کەمکردنەوەی دەرماڵەکان، ئەمەش بۆ ئەوەی جیاوازییە گەورەکان لە موچەی فەرمانبەراندا کەم بکرێتەوە و لە داهاتووشدا ڕەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر بڕی موچەی خانەنشینی هەبێت."
ئەسەدی ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنەکە سەرقاڵی کۆکردنەوەی داتای تەواوەتییە لە سەرجەم یەکەکانی خەرجی لە وەزارەتەکان و سێ سەرۆکایەتییەکە، و لە کۆبونەوەیەکی نزیکدا سەرجەم سیناریۆکان بۆ بڕیاردان دەخرێنە ڕوو.
بەکارهێنانی "ژمارەی وەزیفی" بۆ بنبڕکردنی دو موچەیی
یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی ئەم چاکسازییە، تەرخانکردنی ژمارەی وەزیفی یەکگرتووە بۆ سەرجەم فەرمانبەرانی دەوڵەت. بە وتەی سەرۆکی لیژنەکە، ئەم ڕێکارە ئامانجی سەرەکی لێی کۆتاییهێنانە بە دیاردەی وەرگرتنی دو موچەیی و ڕێکخستنەوەی داتاکانی سەرجەم خزمەتەکان، هاوکات پێویستی بە هەموارکردنەوەی هەندێک یاسای تایبەت بە خزمەتی زانکۆیی و سەربازی هەیە بۆ ئەوەی هاوسەنگی لە خشتە نوێیەکەدا پارێزراو بێت.
ڕای شارەزایان؛ چاکسازی دارایی نەک زیادکردنی دارایی
لەلای خۆیەوە، عەلی عەبدولکازم دەعدوش، توێژەری ئابوری، جەختی لەوە کردەوە کە "یەکخستنی خشتەی موچە بە واتای زیادکردنی دارایی بۆ هەموان نایەت، بەڵکو مەبەست لێی نەهێشتنی شێواوییەکان و بەدیهێنانی دادپەروەری وەزیفییە."
ناوبراو ڕونیکردەوە کە پێویستە هەر هەموارکردنەوەیەک لەگەڵ توانای دارایی و بودجەی گشتیدا بگونجێت بەبێ ئەوەی فشاری هەڵاوسان یان کورتهێنانی زیاتر دروست بکات. بە بۆچوونی دەعدوش، سەرکەوتنی ئەم پڕۆژەیە لەوەدایە کە موچەی فەرمانبەران بەپێی بڕوانامە، ئەزموون، سروشتی کار و بەرپرسیارێتی ڕێکبخرێتەوە.
کێشەی نایەکسانی؛ 3000% جیاوازی
خشتەی موچە لە عێراق بەهۆی جیاوازییە زەقەکەی لە نێوان نزمترین و بەرزترین ئاستدا، بوەتە سەرچاوەی ناڕەزایەتی. لە ئێستادا جیاوازی موچە لە نێوان هەندێک لە توێژەکاندا دەگاتە 3000%، بە جۆرێک موچە لە 300 هەزار دینارەوە دەست پێدەکات و دەگاتە 9 ملیۆن دینار. شارەزایان هۆشداری دەدەن کە بەردەوامی ئەم جیاوازییە چینایەتییە، جگە لە دروستکردنی هەستی نادادپەروەری، زەمینەسازی بۆ گەندەڵیش دەکات.
هەرچەندە داواکارییەکان بۆ داڕشتنی خشتەیەکی نوێی موچە لە بەرزترین ئاستدایە، بەڵام هێشتا ئەم دۆسیەیە لە نێوان پێویستییە داراییەکان و ئاڵۆزییە سیاسییەکاندا ماوەتەوە و چاوەڕوانی بڕیاری کۆتایی دەکرێت.