هیبەت حەلبوسی: هیچ پارێزبەندییەک بۆ گەندەڵکاران نییە
  2026-07-01       160       

لێدوانە فەرمییەکانی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق ئاماژە بە قۆناغێکی نوێ لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەکانی گەندەڵی و پرسی چەکی دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت دەکەن. لەم چوارچێوەیەدا، ئەوە ڕوونکرایەوە کە پرۆسەی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمان، بە واتای سەلماندنی تۆمەتەکانی سەریان نایەت، بەڵکو ئامانج لێی ڕەخساندنی دەرفەتە بۆ دەسەڵاتی دادوەری تا بتوانێت لێکۆڵینەوە یاساییەکانی خۆی بەشێوەیەکی تەواو و بێلایەنانە ئەنجام بدات، چونکە هیچ جۆرە پارێزبەندییەک بۆ تێوەگلاوانی دۆسیەکانی گەندەڵی بوونی نییە.

ئاوێنە: هیبەت حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا چەند زانیارییەکی نوێی سەبارەت بە پرۆسەی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاران و بەڕێوەچوونی لێکۆڵینەوەکان خستەڕوو. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە لە کۆبوونەوەی هاوبەشی سێ سەرۆکایەتییەکەدا (کۆمار، وەزیران و پەرلەمان)، گفتوگۆی چڕ لەسەر ئەو تۆمەتانە کراوە کە ئاڕاستەی چەند پەرلەمانتارێک کراون، و لەوێدا بڕیاری هاوبەش لەسەر هەڵگرتنی پارێزبەندییان دراوە. حەلبوسی جەختی لەوەش کردەوە کە ئەم ڕێکارە یاساییە تەنانەت لە کاتی پشووی وەرزیی پەرلەمانیشدا کاریپێدەکرێت و پێویستە سەرجەم ئەو کەسانەی بڕیارەکە دەیانگرێتەوە، لەبەردەم دادگاکاندا ئامادە بن.

سەرۆکی پەرلەمان ئامار و داتاکانی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی سەبارەت بە قەبارەی گەندەڵی لە وڵاتدا بە "کارەساتبار" ناوبرد. هاوکات پڕۆسەی ئێستای ڕاوەدوونانی گەندەڵکارانی بە گەورەترین و بەرفراوانترین ئۆپەراسیۆن لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە دانا، و دووپاتی کردەوە کە پەرلەمان و دەسەڵاتەکان سوورن لەسەر ئەوەی هیچ کەسێک لە سزا دەربازی نەبێت.

لەلایەکی دیکەوە، حەلبوسی تیشکی خستە سەر پرسی ئەمنی و کۆنترۆڵکردنی چەک، و ڕایگەیاند کە هەر سێ سەرۆکایەتییەکە لەگەڵ سەرکردەی لایەنە سیاسییە جیاوازەکان هاوڕان لەسەر پێویستی سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا. بۆ ئەم مەبەستەش، ڕێککەوتن کراوە کە تا ٣٠ـی ئەیلولی داهاتوو وەک دوا مۆڵەت، نابێت هیچ چەکێک لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتدا بمێنێتەوە. لەم ڕووەوە، پەرلەمان پاڵپشتیی تەواوی سەرۆک وەزیران دەکات بۆ گرتنەبەری هەر ڕێوشوێنێکی پێویست دژی هەر لایەن یان گروپێک کە پابەندبوونی خۆی بەم بڕیارەوە ڕەت بکاتەوە.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دێن کە ماوەی چەند ڕۆژێکە ئۆپەراسیۆنێکی ئاشکرا و بەرفراوان بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی گەندەڵی دەستیپێکردووە. بەپێی زانیارییەکان، تا ئێستا چەندین بەرپرسی باڵا و ئەندامی پەرلەمان دەستگیرکراون، هاوکات دەستبەسەر دەیان ملیۆن دۆلار و دیناری عێراقیدا گیراوە و سەرجەم ئەو بڕە پارانەش بۆ خەزێنەی گشتیی دەوڵەت گەڕێندراونەتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×