دۆسیەی چەکی دەرەوەی یاسا و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لەخۆدەگرێت، ئامادەکاری بۆ قۆناغێکی نوێی حوکمڕانی دەکات. لەکاتێکدا 30ی ئەیلولی 2026 وەک دوا وادە بۆ کۆتاییهێنان بە دیاردەی چەکداریی نایاسایی دیاریکراوە، هێزە سیاسی و چەکدارەکان لە نێوان پشتگیریکردن و نیگەرانیدا دابەش بوون.
ئاوێنە: حکومەتی عێراق بە فەرمی ڕایگەیاندووە، 30ی ئەیلولی 2026 دوایین مۆڵەتە بۆ ڕادەستکردنی هەر چەکێک کە لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتدا بێت. حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق جەختی کردەوە کە ئەم هەنگاوە بەشێکە لە هەوڵە چڕەکان بۆ سەپاندنی سەروەریی یاسا، بەتایبەت لەم کاتەدا کە عێراق لە قۆناغی کۆتاییهێنان بە ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتییە لە شەڕی دژی داعش.
عەبودی ئاماژەی بەوەشکرد، "سەرجەم گرووپە چەکدارەکان ئاگادارکراونەتەوە کە دوای ئەو وادەیە، هەر چەکێک بە نایاسایی هەژمار دەکرێت و دەوڵەت بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەکات."
سەردانی واشنتۆن و ئەولەویەتەکانی زەیدیی
ئەم بڕیارە توندەی حکومەت تەنها پەیوەست نییە بە دۆخی ناوخۆوە، بەڵکو بەشێکە لە ئامادەکارییەکانی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی لە مانگی تەمموزدا بۆ واشنتۆن. بڕیارە لەو سەردانەدا، دۆسیەی کۆمەڵە چەکدارەکان و ڕێکخستنەوەی هێزە ئەمنییەکان لە پێشەنگی گفتوگۆکان بێت. هاوکات لەگەڵ ئەم هەنگاوانە، حکومەت کەمپینێکی فراوانی دژە گەندەڵی دەستپێکردووە کە تێیدا پارێزبەندی لەسەر بەرپرسان لادەبرێت و ڕاوەدوونانی تۆمەتباران لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات دەگرێتەوە.
هەڵوێستی هێزە سیاسی و چەکدارەکان
پرۆسەی ڕادەستکردنی چەک بەهۆی جیاوازیی بۆچوونی باڵە چەکدارەکانەوە، ڕووبەڕووی ئاستەنگ و دابەشبوونی ئاراستەکان بووەتەوە:
- هێزە نەرمەکان: لایەنەکانی وەک (سەرایای سەلام، عەسائیبی ئەهلی حەق، و کەتائیبی ئیمام عەلی) نەرمی پێشاندەدەن بۆ ڕادەستکردنی بەڕێوەبردنی هێزەکانیان بە حکومەت.
- هێزە توندڕەوەکان: گرووپەکانی وەک (کەتائیبی حزبوڵڵا، بزووتنەوەی نوجەبا، و کەتائیبی سەیدولشوهەدا) بە توندی دژی ڕادەستکردنی چەکەکانیان دەوەستنەوە و بە پاساوی "بەردەوامیی هەڕەشە دەرەکییەکان" جەخت لە مانەوەی چەکی بەرگری دەکەنەوە.
- ڕێکخراوی بەدر: بە سەرۆکایەتی هادی عامری، داهاتووی چەکی بەرگری بە کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئەمریکا و کۆتاییهێنانی هێرشە ئاسمانییەکان دەبەستنەوە.
پشتیوانی سیاسی و تەحەداکانی بەردەم
چاودێران پێیانوایە پلانەکەی زەیدی پاڵپشتیی سیاسی بەدەستهێناوە؛ بەتایبەت لەلایەن "چوارچێوەی هەماهەنگی" کە دەسەڵاتی تەواوی بە سەرۆک وەزیران داوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان و جیاکردنەوەی دەستەی حەشدی شەعبی لە کایەی سیاسی و حزبی. هەروەها ڕەوتی نیشتمانیی شیعە بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر پێشتر هەنگاوی هاوشێوەی بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانیان بە دامەزراوەکانی دەوڵەت هاویشتبوو.
پڕۆسەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکاش کە بەپێی ڕێککەوتنی 2024 بەردەوامە و تا ئەیلولی 2026 قۆناغی دووەمی تەواو دەبێت، وەک فاکتەرێکی یەکلاکەرەوە دەبینرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، شارەزایان هۆشداری دەدەن کە سەرکەوتنی ئەم پلانە پەیوەستە بە دانانی میکانیزمێکی ڕوون بۆ پێکهاتەی نوێی حەشدی شەعبی و دیاریکردنی دەسەڵاتێکی لێپرسراو بۆ وەرگرتنەوەی ئەو چەکانە.