وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاری دوورخستنەوەی هەمیشەیی د. عەبدولـلەتیف ئەحمەدی پەسەند کرد
  2026-07-01       467       

وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە فەرمی کۆتایی بە دۆسیەی لێکۆڵینەوەی د. عەبدوللەتیف ئەحمەد مستەفا (عەبدوللەتیف سەلەفی)، مامۆستای زانکۆی سلێمانی هێنا و بڕیاری دورخستنەوەی هەمیشەیی (عەزلکردن)ی لە خزمەتی گشتی دەرکرد.

​ئاوێنە: بەپێی فەرمانی وەزاری ژمارە (1370) کە لە ڕێکەوتی 1ی تەمموزی 2026 بە واژۆی دکتۆر ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دەرچووە، بڕیار دراوە بە پەسەندکردنی پێشنیازی لیژنەی لێکۆڵینەوەی سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی، تایبەت بە سزادانی ناوبراو.

​ئەم بڕیارە لەسەر بنەمای چەند دۆکیۆمێنتێکی کارگێڕی دراوە، لەوانە: نوسراوی سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی ژمارە (890/21) لە 24ی حوزەیرانی 2026، نوسراوی بەدواداچوونی ژمارە (1335) لە 28ی حوزەیرانی 2026، و ڕاپۆرتی کۆتایی لیژنەی لێکۆڵینەوەی زانکۆی سلێمانی ژمارە (934/28) لە 1ی تەمموزی 2026. هەروەها بڕیارەکە پاڵپشتە بە بڕگەکانی (8 و 9) لە مادەی (4)ی یاسای ڕێکوپێکی فەرمانبەرانی دەوڵەت ژمارە (14)ی ساڵی 1991.

​بە جێبەجێکردنی ئەم سزایە، پەیوەندی کارگێڕیی د. عەبدوللەتیف ئەحمەد مستەفا لەگەڵ زانکۆی سلێمانی و سەرجەم دامەزراوە حکومییەکان بە یەکجاری کۆتایی پێدێت. بە گوێرەی یاسای خزمەتی شارستانی، سزای «عەزلکردن» قورسترین سزای کارگێڕییە و جیاوازە لە «فەسڵکردن»، چونکە لە عەزلکردندا کەسەکە بۆ هەمیشە مافی وانەوتنەوە و دامەزراندنەوەی لە کەرتی گشتیدا لەدەست دەدات.

​زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، پێش دەرچوونی بڕیارەکە، ناوبراو داوایەکی پێشکەش بە سەرۆکایەتی زانکۆ کردبوو بۆ ئەوەی ڕێگەی پێبدرێت دەستلەکارکێشانەوەکەی پەسەند بکرێت، بەڵام وەزارەتی خوێندنی باڵاو زانکۆی سلێمانی بەهۆی گرنگیی دۆسیەکە و بۆ پاراستنی ڕێڕەوی یاسایی، داواکارییەکەیان ڕەتکردەوە و پێداگرییان لەسەر یەکلاکردنەوەی کەیسەکە بە سزای کارگێڕی کردەوە.

​جێگای ئاماژەیە، ئەم لێکۆڵینەوانە دوای چەند ڕۆژێک لە لێکۆڵینەوەی چڕ و بە ئامادەبوونی نوێنەری داواکاری گشتی لەسەر کەیسی تۆمارە دەنگییەکان ئەنجامدراون.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×