غالب محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، دوای ئەنجامدانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دارایی عێراق سەبارەت بە پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، وردەکاریی تازەی ئاشکرا کرد.
ئاوێنە: بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی غالب محەمەد خستوویەتییە ڕوو، وەزارەتی دارایی عێراق دڵنیایی داوە کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا خەرج دەکرێت و هیچ دواکەوتنێک لەو رووەوە روونادات.
لە بەرامبەردا، وەزارەتی دارایی عێراق جەختی لەسەر پابەندبوونی هەرێمی کوردستان بە ڕادەستکردنی داهاتە ناوخۆییەکان کردووەتەوە. بەپێی وتەی ئەو پەرلەمانتارە، وەزارەتەکە داوای کردووە هەرێمی کوردستان بڕی 120 ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆ رەوانەی بەغدا بکات.
سەبارەت بە ئەگەری نەناردنی ئەو بڕە پارەیە لەلایەن هەرێمەوە، غالب محەمەد ئاماژەی بەوە کرد کە وەزارەتی دارایی عێراق روونی کردووەتەوە، لە حاڵەتی نەناردنی داهاتەکەدا، حکومەتی ناوەندی بۆ ماوەی چەند رۆژێک چاوەڕێ دەکات، پاشان پرۆسەی "مەقاسە" (لێکژمێری) بۆ ئەو بڕە پارەیە ئەنجام دەدرێت و دواتر مووچەکە بەبێ کێشە بۆ فەرمانبەران تەرخان دەکرێت.