پەرلەمانتارانی «رەوتی هەڵوێست» سکاڵای یاسایی لە دژی عەلی حەمەساڵح تۆمار دەکەن
  2026-07-01       739       

دوای ئەوەی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا هەڕەشەی ئاراستەیان کرد، دوو پەرلەمانتاری رەوتی هەڵوێست لە دەستەی مافی مرۆڤ سکاڵای یاسایی لە دژی عەلی حەمەساڵح تۆمار دەکەن.

ئاوێنە: دوو پەرلەمانتاری فراکسیۆنی رەوتی هەڵوێست لە پەرلەمانی کوردستان بە ناوەکانی "سارا موحسین" و "سازگار فایەق"، بە فەرمی سکاڵایەکی یاساییان لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان لە دژی عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی رەوتەکە تۆمار کرد.

​بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لەو سکاڵایەدا هاتووە، هۆکاری تۆمارکردنی ئەم سکاڵایە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو لێدوان و هەڕەشانەی کە عەلی حەمەساڵح لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا ئاراستەی ئەو دوو پەرلەمانتارەی کردووە.

​لە ناوەڕۆکی سکاڵاکەدا هاتووە، عەلی حەمەساڵح لە لێدوانەکەیدا رایگەیاندووە؛ هەر پەرلەمانتارێکی رەوتەکەیان ئەگەر رێڕەوی سیاسی خۆی بگۆڕێت یان جیاواز بیر بکاتەوە، ئەوا "کەرامەتی دەشکێنن" بە جۆرێک نەتوانێت بگەڕێتەوە ناو کۆمەڵگا.

​پەرلەمانتارەکان لە سکاڵاکەیاندا جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە ئەو وتانەی سەرۆکی رەوتەکەیان، تەنها هەڕەشەیەکی سادە نییە، بەڵکو بە پێشێلکارییەکی روونی یاسا کارپێکراوەکانی هەرێمی کوردستان و هەموو ئەو پەیماننامە و رێککەوتننامە نێودەوڵەتییانەی مافی مرۆڤ دادەنێن کە هەرێمی کوردستان پابەندە پێیانەوە.

​تا ئێستا عەلی حەمەساڵح وەک سەرۆکی رەوتی هەڵوێست وەڵامی فەرمی بۆ ئەم سکاڵایە نەبووە، چاوەڕوانیش دەکرێت دەستەی مافی مرۆڤ لێکۆڵینەوە لە وردەکارییەکانی ئەم دۆسیەیە بکات.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×